Accessibility links

هێلەری کلنتن بە فەرمی کاندیدکردنی لە لایەن دیموکراتەکانەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەند دەکات


هێلەری کلنتن ڕەزامەندی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر کاندیدکردنی لە لایەن پارتەکەیەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە 8 ی مانگی یازدە پـرۆسەی دەنگدانەکەی بەڕێوەبچێت.

شەوی پـێنجشەممە لە چوارەمین ڕۆژ و کۆتایـی کۆنگرەی گشتی دیموکراتەکان کە لە شاری فلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا بەڕێوەچوو، خانم کلنتن گوتی " بە ئەوپەڕی نەوازش و سووربوون و بڕوا و متمانەیەکی بێ چەندوچونەوە بە بەها ئەمەریکایـیەکان پەسەندی دەکەم کە منتان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەسـتنیشانکردووە."

پاشان گوتی ئەمڕۆ شتێـکی گەورەمان ئەنجام دا، ئەویش کاندیدکردنی ژنێـک بە فەرمی لە لایەن پارتێـکی ئەمەریکایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی. داوای لە ئەمەریکایـیەکان کرد بێنە پاڵیـیەوە تاوەکو ژنانی ئەمەریکا ئەو هەلانەیان بۆ بڕەخسێت کە شایەنین.

هەروەها گوتی " بە یارمەتی ئێوە چێرۆکەکانتان لەگەڵ خۆمدا بۆ کۆشـکی سـپی دەبەم." جەختی لەوە کرد کە دەبێتە سەرۆکی هەموو ئەمەریکایـیەکان و کار بۆ خزمەتی هەموویان دەکات.

بەڵێنیشی دا کاربکات بۆ بەرنامەیەکی زیادکردنی هەلی کار بۆ ئەمەریکایـیەکان، بە شێوەیەک گەورەترین بێت لەوەتای شەڕی جیهانی دووەمەوە. گوتی ئەمە ئەرکی یەکەمی دەبێت وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.

باسی لەوەش کرد کە بڕوای تەواوی بە زانست و وزەی پاکە و هەروەها دەبێت هەموو ئەمەریکایـیەکان خزمەتی تەندروستیـیان بۆ دابینبکرێت و کاریگەری واڵ ستریت نەهێڵرێت بەسەر ئابوری چینی مامناوەند و یاسای کۆچبەری چاکسازی تێدابکرێت و ڕەوایی هەبێت لە نێوان موچەی ژنان و پـیاواندا.

گوتیشی لەگەڵ سیناتۆر بێرنی ساندەرس کە ڕکابەری سەرەکی بوو لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکاندا، کاردەکات بۆ کردنی خوێندن لە زانکۆ حکومیـیەکان بە خۆڕایی و ڕزگارکردنی خوێندکاران لە قەرزی زۆری خوێندن.

هێلەری کلنتن لە بەشێـکی وتارەکەی گوتی " دیوار بنیاد نانێـین، بەڵکو ئابوری ئەمەریکا بنیاد دەنێین، ڕێگە لە تەواوی خەڵکی ئاینێـک ناگرین بێنە وڵاتەکەوە، بەڵکو پـێکەوە لەگەڵ ئەمەریکاییـەکان و هاوپەیمانانماندا کاردەکەین بۆ نەهێشتنی تێرۆر."

خانم کلنتن لە بەشێـکی وتارەکەی باسی لە گرفتی فرۆشتنی چەک لە وڵاتەکەدا کرد و گوتی "لەو بڕوایەدام خەڵکی ئەمەریکا خۆشحاڵ دەبن بزانن ئەو کەسەی شیانی هەیە ببێت بە سەرۆکیان لەگەڵیاندا دەبێت لە دژی بڵاوبوونەوەی چەک لە وڵاتەکەدا." گوتیشی مەبەستی لەمە ڕێگەگرتنە لەوەی چەک بگاتە دەسـتی ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە خەڵکی بگەیەنن، نەک لێسەندنەوەی ئەو چەکانەی کە خەڵکی خۆیانی پێ دەپارێزن.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، هێلەری کلنتن گوتی لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ کاردەکات بۆ شکستهێنان بە داعش و وەها دەکات هێرشی ئاسمانی ورد لە دژی داعش ئەنجام بدرێت و ڕێگە لە هەوڵەکانی بگیرێت بۆ ڕاکێشانی خەڵکی بۆ نێو ڕیزەکانی.

توانجیشی گرتە دۆناڵد ترەمپ ڕکابەرەکە کۆماریـیەکەی و گوتی " کەسێک نەتوانێت لە ئاست ڕستەیەک نووسیندا لەسەر تویتەر خۆی کۆنترۆڵ بکات ئیدی چۆن دەکرێت متمانەی پـێبکرێت دوگمەی چەکی ناوکی لەبەردەسـتدابێت."

جەختی لەوە کرد هێزی ئەمەریکا لە هەڕەشەکردندا نیـیە، بەڵکو لە هێمنی و ژیریدایە و بەڵێنی دا سەرکردەیەکی وڵاتەکە بێت بەو خەسەڵەتە باشانە.

XS
SM
MD
LG