Accessibility links

سیناتۆر بێرنی ساندەرس و هێلەری کلنتن لە پـێشەنگی دیموکراتەکاندا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی


هەر یەک لە سیناتۆر بێرنی ساندەرس و خانم هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوە کە هەوڵ دەدەن ببنە کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ئەمساڵدا، جارێکی دیکە کەوتنەوە ڕاکێشانی سۆزی ئەو ئەمەریکایـیانەی بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەمەریکای لاتینن.

شەوی پـێنجشەممە لە کۆڕێـکدا کە لە شاری لاس ڤێگاس بەڕێوەچوو، بێرنی ساندەرس و هێلەری کلنتن بەڵێنیان دا ئەگەر هاتوو بە سەرۆک هەڵبژێردران، ئەوا کاردەکەن بۆ دانانی یاسایەکی گشتگیر بە مەبەستی چاکسازی لە سیستەمی کۆچبەریدا.

ساندەرس گوتی لەگەڵ کۆنگرێس بۆ ئەم مەبەستە کاردەکات. خانم کلنتنیش گوتی کار بۆ دانانی یاسایەک دەکات کە ڕێگە بە پەنابەرانی نایاسایی بدات لە 3 هەتا 10 سـاڵ لە ئەمەریکادا بمێنـنەوە بەر لەوەی بیانگێڕنەوە وڵاتەکانیان.

هەروەها ساندەرس باسی لە گرنگی چاکسازی لە سیستەمی دادی وڵاتەکە کرد لەگەڵ باشترکردنی باری ژیانی چینی هەژار و مامناوەندی و زیادکردنی کرێی کرێکاران بە شێوەیەک کەمترین کرێ بۆ یەک کاژمێر لە 15 دۆلار کەمتر نەبێت. گوتیشی دەیەوێت سیستەمێـک دابنرێت کە داکۆکی لە مافی چینی مامناوەند بکات نەک هەر تەنیا لە هی دەوڵەمەندەکان.

جەختی لەوەش کرد مافی هەموو ئەمەریکایـیەکە بیمەی تەندروستی هەبێت. بەڵێنیشی دا خوێندنی کۆلێژ بە خۆڕایی بکرێت و سوودی سەر قەرزی خوێندکارانی زانکۆ کەمبکرێنەوە.

هێلەری کلنتن لای خۆیەوە گوتی نایەوێت بەڵێـنێک بدات کە نەتوانێت جێبەجێی بکات. سەبارەت بە ڕیارێـکی دادگا لەسەر کێشەیەی نێوان کۆمپانیای ئەپـڵ و دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI بۆ دەرهێنانی زانیاری لە مۆبایلی هێرشبەرەکەی کالیفۆرنیا، گوتی دەبێت هەردوو لا پـێکەوە وتووێژ بکەن تاوەکو بە ڕێگەچارەیەک بگەن کە تیایدا تایبەتمەندی خەڵکی بپارێزرێت و لە هەمان کاتیشدا پـێداویستیـیەکانی ئاسایشی نەتەوەیی دابین بکرێت.

هاوکات لە لایەکی دیکە کەناڵی CNN بەرنامەیەکی بۆ کۆماریـیەکان ڕێکخست. تیایدا دۆناڵد ترەمپی ملیاردێر بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕکابەرەکەی سیناتۆر تێد کروز.

ترەمپ کروزی بە درۆکردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە تاوانبارکرد، ئەمەش لەسەر ڕیکلامێـکی ئەم دوایـیانەی کروز کە تیایدا داکۆکی لە مافی ژنان دەکات لە بڕیاری لەباربردنی منداڵ. ترەمپ جەختی لەوە دەکرد کروز نابێتە کاندیدی کۆماریـیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

سەبارەت بە لێدوانەکەی پاپای ڤاتیکان کە گوتبووی ترەمپ کرستیان نیـیە. ترەمپ گوتی پاپا بە هەڵە لە بڕوا ئاینیـیەکان تێگەیشتووە.

پاشان یەک لە ئامادەبووانی کۆڕەکە کە خانمێـک بوو پـرسیاری لە ترەمپ کرد، ئایا ئەگەربێت و ببێت بە سەرۆک دەتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات و هەڵنەچێت؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی ئەو کەسێـکی توندە تاوەکو ڕێگە لە تێرۆرستان و کۆچبەرانی نایاسایی بگرێت بێنە ناو ئەمەریکاوە.

سەبارەت بە سیستەمی تەندروستی گوتی ئەو لەگەڵ سیستەمێـکدایە کە ڕێگە بە ڕکابەری بدات، ئەمەش وەها دەکات سیستەمی تەندروستی هەرزان ببێت.

پاشان جارێکی دیکە گوتی شەڕی عێراقی پـێ باش نەبوو، ئەوەی لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوش بووە مایەی ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆر سەدام حسێن. لە بارەی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێرانیش گوتی بەبێ بەرامبەر خزمەتی پـێشـکەش بەو وڵاتە کردووە.

XS
SM
MD
LG