بەڕێوبەری دەزگای خەرجی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەیدز و سیل و مەلاریا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی گۆڕانی کەش و هەوا و ململانێکان زیانییان بەو هەوڵانە گەیاندووە کە دەدرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سێ لە کوشندەترین نەخۆشییەکانی جیهان.
بەپێی ئەنجامی ڕاپۆرتێکی دەزگاکە کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوت، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بوونەوە.
بەڕێوبەری جێبەجێکاری دەزگای خەرجی جیهانی، پیتەر ساندس، دەڵێت بەڵام زیادبوونی ئاستەنگییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و ململانێکان ئەوە دەگەیەنن کە ڕەنگە جیهان تاوەکو ساڵی 2030 نەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت بۆ کۆتایی هێنان بە نەخۆشییەکانی ئەیدز و سیل و مەلاریا.
بۆ نموونە، لە بەشەکانی ناوچە بەرزەکانی ئەفریکا نەخۆشی مەلاریا بڵاودەبێتەوە، کە پێشتر ئەو ناوچانە زۆر سارد بوون بۆ ئەو مێشوولانەی کە هۆکاری نەخۆشییەکەیان هەڵدەگرت و دەیانگواستەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت ڕووداوە توندەکانی کەش و هەوا، لەوانەش لافاو و زریانەکان دەزگا تەندروستییەکانییان هیلاک کردووە، بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکەکە و زیادبوونی نەخۆشییەکان و تێکدانی سیستمی چارەسەرکردنی تەندروستی لە ناوچە جیا جیاکاندا.
بەهۆی نەبوونی ئاسایشەوە گەیشتن بە وڵاتانی وەکو سودان و ئۆکرانیا و ئەفغانستان و میانمار و کۆمەڵگە لاوازەکان بووەتە ئاستەنگێکی گەورە.
پیتەر ساندس وتی لەو شوێنانە نەخۆشی هەن، بۆ نموونە لەو وڵاتانەدا کە دەزگاکەمان وەبەرهێنانی تێدا کردوون، لە ساڵی 2022 دا 6.7 ملیۆن کەس چارەسەری نەخۆشی سیلییان وەرگرتووە، ، ئەوەش 1.4 ملیۆن کەس زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2021 دا.
دەزگاکە یارمەتی 24.5 ملیۆن کەس داوە لە وەرگرتنی چارەسەر بۆ ئەیچ ئای ڤی و 220 ملیۆن تۆڕی مێشوولەشی دابەش کردووە.
ساندس وتیشی کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز هەیە لە کۆبوونەوە گشتییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات سەنگ بخەنە سەر نەخۆشییەکان و وریا بن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا