سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ سەرکۆنەی کردەوە توندوتیژییەکان و لێدوانە ڕەگەزپەرستیەکانی کرد کە لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی هەفتەدا لە کۆمەڵێک شاری کەنەدادا بیندران، بەتایبەتی لە تۆرۆنتۆ کە لەوێ پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی فەڵەستینیەکان و لایەنگرانی ئیسڕائیلدا ڕوویدا.
ترودۆ لەگەڵ ئەوەشدا کە جەختی لە " مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی ڕادەربڕین کردەوە لە کەنەدا " بەڵام ئاماژەشی بەوەدا هەرگیز لێبووردەییان نابێت بەرامبەر " ڕەگەزپەرستی یاخود دژایەتیکردنی ئیسلام یاخود ڕق و کینە."
سەرۆک وەزیر وتی " بە توندی سەرکۆنەی لێدوانە توند و کردەوە توندوتیژییەکان دەکەم کە لەمیانەی خۆپیشاندانەکاندا بیندراون."
ئەم لێدوانەی ترودۆ دوای ئەوە هات ڕۆژی یەکشەممە پۆلیسی تۆرۆنتۆ گازی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان کە تیایدا پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی فەڵەستینیەکان و لایەنگرانی ئیسڕائیلدا ڕوویدا.
هەروەها لە گۆڕەپانێکدا لە ناوەڕاستی شاری مۆنتڕیاڵیش سەدان خۆپیشاندەر ئاڵای ئیسڕائیلیان بەرزکردبۆوە و پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسڕائیل دەردەبڕی.
بەڵام لەگەڵ گەیشتنی لایەنگرانی فەڵەستینیەکان، کەشی خۆپیشاندانەکان گۆڕا و دواتر گرژیی کەوتە نێوان هەردوولاوە و پۆلیسی مۆنتڕیاڵی ناچار کرد خۆپیشاندانەکان بە " نایاسایی " ڕابگەیەنێت.
تیمەکانی پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی کاری تێکدەرانە هاتنە خۆپیشاندانەکانەوە و گازی فرمێسک ڕژێنیان ڕشت بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی هەردوولا.
ڕۆژی شەممە خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی فەڵەستینیەکان لە کۆمەڵێک شاری گەورەی کەنەدا دژ بە ئیسڕائیل خۆپیشاندانیان کرد، لەو شارانەش تۆرۆنتۆ و ئۆتاوا و ڤانکوڤەر.
سەرچاوە/ فرانس پرێس