Accessibility links

لە هێرشێکی چەکداریدا لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ 25 هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن


بەپێی بەرپرسانی ناوخۆ ڕۆژی یەکشەممە ژمارەی قوربانییانی هێرشێکی سەر گوندێک لە پارێزگای ئیتوری ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بەرز بووەوە بۆ 25 کەس، ئەمەش دوای ئەوەی وتەبێژێکی حکومەت و نوسراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی ڕۆژی شەممەیان پشتڕاست کردەوە.

وتەبێژی حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان گروپی هاریکار بۆ گەشەپێدانی کۆنگۆ کە یەکێکە لەو گروپە چەکدارییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا چالاکن، هێرشەکەی لە گوندی گالای ئەنجامداوە، گوندەکە دەکەوێتە 70 کم باکووری ڕۆژئاوای شاری بونیاوە.

بانزالا دانی سەرکردەی ناوخۆ و ڤیتال تونگولوی سەرکردەی سڤیلی کۆمەڵایەتی بە ڕۆیتەرزییان وت ڕۆژی یەکشەممە 15 لاشە دۆزراونەتەوە، ڕۆژی شەممەش 10 لاشە دۆزراونەتەوە.

نوسراوێکی ناوخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە و وتەبێژی فەرمانڕەوای پارێزگای ئیتوری جولیس نگۆنگۆ هەردووکیان هێرشەکە و سەرەتا کوژرانی 10 کەسییان پشتڕاست کردەوە.

نگۆنگۆ وتی " دڵنیایی دەدەین لەسەر ئەوەی بکوژان لەلایەن دادپەروەرییەوە سزا دەدرێن."

لە مانگی سێدا ئۆفیسی هاوبەشی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا وتی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئیتوری لە سەرەتای ئەم ساڵەوە خراپتر بووە، لە کاتێکدا کە گروپی چەکداریی هاریکار بۆ گەشەپێدانی کۆنگۆ هێرشی زیاتر ئەنجام دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە مانگی سێدا بڵاوکرایەوە، گروپی چەکداری هاریکار بۆ گەشەپێدانی کۆنگۆ و هێزەکانی دیموکراسی کە گروپێکی چەکداریی دیکەیە و هاوپەیمانی یەکترن، بەرپرسن لە زۆربەی حاڵەتەکانی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG