Accessibility links

کەسێـک 9 کەس لە کڵێسایەکی ئەمەریکا دەکوژێت


کەسێـکی چەکدار تەقە لە ناو کڵێسایەکی شاری چارلستۆنی ویلایەتی ساوث کارۆلاینای ئەمەریکا دەکات و لە ئاکامدا 9 کەس کوژراون و ژمارەیەک برینداربوون.

شەوی چوارشەممە کوڕێـکی گەنجی سپـی خۆی کردووە بە کڵێسای ئامانوئێل ئەفەریکایـیە پێست ڕەشەکان لەو شارە و چووتە نێو خەڵکەکە دانیشتووە کە بۆ نوێژ و نزا لەوێ گردبووبوونەوە، بەڵام پاش کەمتر لە کاژمێرێـک هەسـتاوە و بە چەکەکەی تەقەی لێکردوون و سەرئەنجام ئەو زیانە گیانیانەی لێکەوتووەتەوە.

کامێراکانی چاودێری وێنەی کوڕەکەیان گرتووە و پـۆلیس دەڵێت لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرایان کردووە کەسەکە ناوی دێڵن ڕوفە و تەمەنی 21 سـاڵە. لە ئێسـتادا گومان دەکرێت تەنها کینەی نەژادی لە پشـت کوشـتنکاریـیەکەوە بووبێت. وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێت لێـکۆڵینەوەیەکی فیدراڵی لەم بارەیەوە دەسـتیپـێـکردووە. بەپـێی دوایـین هەواڵ تاوانبارەکە دەسـتگیرکراوە.

کوژراوەکان بریتین لە 3 پـیاو و 6 ژن. یەک لە پـیاوەکان ناوی کێلمێنتا پـینکینی‌یە و قەشەی کڵێساکەیە، هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی سیناتی ویلایەتی ساوث کارۆلاینایە.

کێلمێنتا ڕۆژی سێشەممە لە پاڵ خانم هێلەری کلنتن بوو بۆ پشـتیوانیکردن لێی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی سـاڵی 2016 . هەروەها ڕۆڵێـکی گەورەی بینیوە لە دەرکردنی بڕیارێـک بۆ بەستنی کامێرای چاودێری لە جلوبەرگی ئەندامانی پـۆلیس بە مەبەستی ڕێگری لە هەر پـێشـێلکاریـیەک لە لایەن پـۆلیسەوە لە بەرامبەر هاوڵاتیان ئەنجام بدرێت.

XS
SM
MD
LG