Accessibility links

چین دەڵێت فڕینی فڕۆکەکانی ئەمەریکا بەسەر تەنگەی تایواندا ئاشتی لە ناوچەکەدا خستۆتە مەترسییەوە


چین ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی فڕۆکەی بەسەر تەنگەی تایواندا بردووە و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەی " خستۆتە مەترسییەوە." هێزی دەریایی ئەمەریکاش لە وەڵامدا وتی ئاسمانی تەنگەی تایوان سنوورێکی ئاسمانی نێودەوڵەتییە.

چین هەمیشە توڕە بووە سەبارەت بە ئەرکەکانی ئەمەریکا لە تەنگەی تایواندا، زۆرجار کەشتی جەنگی بە تەنگەی تایواندا دەبات و هەندێک جاریش فڕۆکەکانی بەسەریدا دەفڕن، چین دەڵێت " چین سەروەرە بەسەر تەنگەی تایواندا و لە ژێر دەسەڵاتی سنووری خۆیدایەتی "، ئەمەریکا و تایوانیش دەڵێن تەنگەی تایوان ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە.

سەرکردایەتی سوپای ڕۆژهەڵاتی چین وتی هێزەکانیان لە نزیکەوە چاودێری فڕۆکەی پوسایدن P-8A ' یان کردووە کە فڕۆکەیەکی دیدەوانی دەریاییە، لە کاتێکدا کە فڕۆکەکە بەسەر ئاسمانی تەنگەی تایواندا فڕیوە کە چین لە تایوان جیادەکاتەوە.

سەرکردایەتییەکە لە بەیاننامەیەکی کورتدا وتی " کارەکانی ئەمەریکا دەستوەردانێکی بەمەبەستە بۆ تێکدانی دۆخی ناوچەکە و ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوانی خستۆتە مەترسییەوە. بە توندی دژایەتی دەکەین."

وتیشی " هێزەکانمان هەموو کات لە ئامادەباشیدان و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرگری لە سەروەری نیشتیمان و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن."

کەشتیگەکی حەوتی هێزی دەریایی ئەمەریکا وتی فڕۆکەکە بەسەر ئاسمانی نێودەوڵەتیدا فڕیوە و ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فڕین و هاتوچۆکردن بە کەشتی و کارکردن لە هەر شوێنێکدا کە یاسای نێودەوڵەتی ڕێگەی بدات، بە تەنگەی تایوانیشەوە.

وتیشی " بە کارکردن لە تەنگەی تایواندا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ئەمەریکا دەریخست پابەندی مافەکانی هاتوچۆ و ئازادی سەرجەم وڵاتانە. فڕینی فڕۆکەکە بەسەر ئاسمانی تەنگەی تایواندا پابەندبوونی ئەمەریکا دەردەخات بە ناوچەیەکی ئیندۆ پاسێفیکی کراوە و ئازادەوە."

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی فڕۆکەکە بە ئاڕاستەی باشوور بەسەر تەنگەکەدا فڕیوە.

وەزارەتەکە وتی هێزەکانی تایوان چاودێری فڕۆکەکەیان کردووە کاتێک بە تەنگەکەدا تێپەڕیوە، وتیشی دۆخەکە " ئاسایی " بووە.

چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت. تایوانی دیموکراتخوازیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چین چالاکییە سەربازییەکانی لە نزیک تایوان زیاد کردووە، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات تایوان ناچار بکات دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا قبوڵ بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG