Accessibility links

چین سەرکۆنەی ئەمەریکا و کەنەدا دەکات


کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس دیوی

سوپای چین سەرکۆنەی ئەمەریکا و کەنەدای کرد لەسەر ئەوەی هەفتەی ڕابردوو کەشتی جەنگیان بە تەنگەی تایواندا بردووە، وتی بەو کارەیان لەئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەیان خستۆتە مەترسییەوە.

چین پێی وایە تایوان بەشێکە لە خاکی چین، بەڵام تایوان ئەوە ڕەت دەکاتەوە، بەهۆی ئەمەشەوە چین فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تایوان زیادکردووە. لەمدواییانەدا چین نزیکەی 150 فڕۆکەی جەنگی بەسەر ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایواندا برد و گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و تایوانی زیاترکرد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی نیگەران کرد.

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس دیوی لەگەڵ کەشتی جەنگی کەنەدی ئەیچ ئێم سی ئێس وینپێگدا بە تەنگەی تایواندا تێپەڕیون، تەنگەکەش تایوان و چین لەیەکتر جیادەکاتەوە.

سوپای ئەمەریکا وتی " تێپەڕبوونی دیوی و وینپێگ بە تەنگەی تایواندا پابەندبوونی ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان دەردەخات بۆ ئازادی و کراوەیی دەریای هێمن و هیندی."

سەرکردایەتی سوپای چین وتی هێزەکانیان چاودێری کەشتیەکانیان کردووە و لە ماوەی تێپەڕبوونی کەشتیەکاندا " لە ئامادەباشیدا بوون."

وتیشی " ئەمەریکا و کەنەدا یەکیانگرتووە تاوەکو کێشە دروست بکەن، ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوانیان خستە مەترسییەوە."

ئاماژەشی بەوەدا " تایوان بەشێکە لە خاکی چین. هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشیدان و ڕووبەڕووی هەڕەشە و کارە وروژێنەرەکان دەبنەوە."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا مانگانە کەشتی جەنگی بە تەنگەی تایواندا دەبات، چینیش دەڵێت ئەمەریکا هۆکاری گرژییەکانە لە ناوچەکەدا. هەندێک جار هاوپەیمانەکانی ئەمەریکاش کەشتی جەنگی ڕەوانەی تەنگەکە دەکەن، مانگی ڕابردوو بەڕیتانیا کەشتیەکی جەنگی بە تەنگەی تایواندا برد.

لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی بەرگری تایوان ڕۆژی یەکشەممە وتی سێ فڕۆکەی جەنگی چین جارێکی دیکە بەسەر ناوچەی ئاسمانی بەرگری تایواندا فڕیون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG