جێگری وەزیری دەرەوەی چین یو چینگ وتی پێویستە لەسەر وڵاتەکەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا لەسەر ئاڕاستە ڕاستەکە بهێڵێتەوە و دڵنیا بێتەوە لەوەی لەو ئاڕاستەیە دەرنەچێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا جێگری وەزیری دەرەوەی چین وتی " مانگەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین. دەبێت وریا بین و هێزە توندڕەوەکان کارمان تێنەکەن."
ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا تێکچووە. سەرۆک ترامپ ڕەخنەی توندی لە چین گرتووە لەسەر ئەوەی ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتۆتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە کە سەرەتا لە شاری وهانی چین سەریهەڵدا.
هەروەها ناکۆکی دیکە هەیە لە نێوان ئەمەریکا و چیندا، لەوانەش هەوڵەکانی پەکین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هۆنگ کۆنگ و تۆماری چین لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ململانێکان سەبارەت بە دەریای باشووری چین.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز