وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی وتی چین هیوادارە بەزووترین کات جەنگی ئۆکرانیا بوەستێت، ئەمەش یەکەمین جارە چین بارودۆخەکەی ئۆکرانیا بە " جەنگ " ناودێر دەکات.
وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان پەیوەندییەکی ڤیدیۆییان ئەنجامدا، دەزگای هەواڵی سی سی تیڤی چین لە زاری وانگەوە بڵاویکردەوە " هیوادارین شەڕ و جەنگەکە بەزووترین کات بوەستێنرێن."
دەزگاکە وتی وانگ داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە هێمن ببنەوە و هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتربوونی گرژییە سەربازییەکان لە ئۆکرانیا.
جێی ئاماژەیە تاوەکو ئێستا چین هێرشەکەی ڕووسیای بۆ سەر ئۆکرانیا بە " داگیرکردن " ناودێر نەکردووە، هەروەها سەرکۆنەشی نەکردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیری دەرەوەی چین: چین هیوادارە جەنگی ئۆکرانیا بەزووترین کات بوەستێت
