باڵیۆزی بە ڕۆژنامەی ئێن زێد زێد ئام زۆنتاگی ڕاگەیاندووە ئەگەر سویسرا گرنگی بدات بە پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتەکەی ئەوا دەبێت خۆی بە دووربگرێت لە شوێنکەوتنی یەکێتی ئەوروپا لە سەپاندنی سزا بەسەر چیندا.
ساڵی ڕابردوو یەکێتی ئەوروپا بەرپرسانی چینی بە تۆمەتی دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵی موسوڵمانەکانی یوگۆر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینگیانگی چین تۆمەتبار کرد، بۆ یەکەمین جاریش لە دوای گەمارۆکەی ساڵی 1989 وە دوابەدوای سەرکوتکارییەکان لە گۆڕەپانی تینانمێن، یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر چیندا سەپاند.
تاوەکو ئێستا سویسرا بڕیاری نەداوە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دژی چین جێبەجێ بکات یاخود نا.
باڵیۆزی چین بۆ سویسرا وانگ شیهتینگ بە ڕۆژنامەی ئێن زێد زێد ئام زۆنتاگی وت " هەر کەسێک بە ڕاستی گرنگی بدات بە پەیوەندییە دۆستایەتییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و پەیڕەوی سیاسەتێکی بەرپرسانە بکات ئەوا دژی سزاکان دەبێت."
وتیشی " ئەگەر سویسرا سزاکان جێبەجێ بکات و ڕەوشەکە بەرەو ئاڕاستەیەک بڕوات لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت، ئەوا پەیوەندییەکانی سینۆ – سویس زیانییان پێدەگات."
بەرپرسی دەزگای سویسرا بۆ جێبەجێکردنی سزا ئابوورییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەک لە مانگی حەوتدا وتی ئەگەر چین تایوان داگیر بکات ئەوا پێشبینی دەکات سویسرای بێلایەن هەر سزایەکی یەکێتی ئەوروپا دژی چین جێبەجێ بکات.
ساڵی ڕابردوو سویسرا ستراتیژییەکی نوێی بەرامبەر چین ئاشکرا کرد، بێرنی پایتەخت چەند گۆڕانکارییەکی لە سیاسەتەکانیدا ڕاگەیاند و جەختی لە گرنگی پەیوەندییە دوو لایەنەکان کردەوە. بەڵام لە چاو پێشووتردا زیاتر کراوەتر قسەی کرد سەبارەت بە ناڕەزایی خۆی دژی تۆماری مافەکانی مرۆڤی چین.
لە ساڵی 1950 دا سویسرا یەکێک بوو لە یەکەمین ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا کە دانیاننا بە چینی کۆمیونیستدا. لە ساڵی 2010 ەوە چین بووەتە یەکێک لە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی لە ئاسیادا و سێیەمین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیە لە جیهاندا لە دوای ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە.
لە مانگی حەوتی ساڵی 2014 دا بازرگانییەکی ئازادی دوو لایەنە لە نێوان سویسرا و چیندا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لەم ساڵیشدا دوو وڵاتەکە سەکۆیەکی هاوبەشییان بۆ بە لیستکردنی پشکەکان و بازرگانیکردن دەستپێکرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز