وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند پەکین لە هەوڵەکانی حکومەتی ئیسپانیا تێدەگات بۆ پاراستنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و دژایەتیکردنی هەر هەنگاوێک بۆ دابەشکردنی وڵاتەکە، ئەمەش دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی کەتەلۆنیا لە بەرژەوەندیی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا دەنگیاندا.
بەشێوەیەکی گشتی چین بڕیار نادات لەسەر هەنگاوەکانی جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە جیهاندا و دەڵێت پابەند دەبێت بە سیاسەتی دەست تێوەرنەدانی کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چون ینگ وتی هەڵوێستی چین سەبارەت بە بابەتەکە ڕوونە و دووبارە پشتیوانی چینی بۆ حکومەتی ئیسپانیا دووپاتکردەوە.
وتەبێژەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " پێمان وایە ئەمە بابەتێکی ناوخۆیی ئیسپانیایە و لە هەوڵەکانی حکومەتی ئیسپانیا تێدەگەین بۆ پاراستنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و ئاسایشی خاکەکەی و لەدژی هەر هەنگاوێکین بۆ دابەشکردنی وڵاتەکە و زیان گەیاندن بە حوکمی یاسا."
وتیشی " پێمان وایە ئیسپانیا توانای ئەوەی هەیە سیستمی کۆمەڵایەتی و مافەکانی هاوڵاتیانی لەچوارچێوەی یاسادا بپارێزێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز