دیپلۆماتکاری باڵای چین وانگ یی دەڵێت چین و ژاپۆن و کۆریای باشوور پێویستییان بە ناردنی ئاماژەیەکی ڕوون هەیە بۆ دووبارە خۆ ڕێکخستنەوەیان بەرەو هاریکاریی و ڕووبەڕووبوونەوەی " بێزارکردن و باڵادەستی."
لێدوانەکانی وانگ یی لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندایە لە کاتێکدا کە ئەمەریکا هەوڵی پەیوەندییەکی نزیکتر دەدات لەگەڵ ژاپۆن و کۆریای باشوور هاوپەیمانیدا دژی زیادبوونی کاریگەرییەکانی چین لە ناوچەکەدا.
لێدوانەکانی وانگ لە میانەی کۆڕبەندێکدا بوو کە لەلایەن سکرتارییەتی هاریکاری سێ لایەنییەوە ڕێکخرابوو، ڕێکخراوەکەش بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان تۆکیۆ و پەکین و سیئۆل دروست بووە.
وەزارەتی دەرەوەی چین وتی وانگ داوای لێکردوون " هەوڵی سەربەخۆییەکی ستراتیژی بدەن و یەکگرتوویی و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزن، هەروەها ڕووبەڕووی بیری جەنگی سارد ببنەوە و خۆیان ئازاد بکەن لە بێزارکردن و باڵادەستی."
سەرەڕای ئەوەی وانگ باسی لە ئەمەریکا نەکرد، بەڵام وتی " هەندێک وڵاتی زلهێز هەن لە دەرەوەی ناوچەکە " کە هەوڵییان داوە یەکگرتوویی ناوچەکە بگۆڕن بۆ دابەشبوون و لە هەمان کاتیشدا هەوڵییان داوە دەستکەوتی جوگرافییان هەبێت.
وانگ وتی " ئەگەر ڕێگە بەمە بدرێت گەشە بکات، ئەوا نەک تەنها بە شێوەیەکی مەترسیدار دەستوەردەداتە بەرەوپێشچوونی هاریکارییە سێ لایەنییەکەوە، بەڵکو گرژیی و ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز