Accessibility links

چین 71 تەن یارمەتی تەندروستی دەنێرێت بۆ ڤەنزوێلا


لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی هاریکاری مرۆیی و تەکنیکی نێوان چین و حکومەتەکەی نیکۆلاس مادورۆدا، چین بۆ دووەمین جار یارمەتی تەندروستی نارد بۆ ڤەنزوێلا.

فڕۆکەی بوێنگ 747 لە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا نیشتەوە و 71 تەن کەلوپەلی تەندروستی و دەرمانی هەڵگرتبوو، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی حکومەتی ڤەنزوێلا.

وەزیری تەندروستی ڤەنزوێلا کارلۆس ئەلڤارۆ وتی " لەگەڵ ئەم بارەی دووەمدا و ئەوانەشی کە لە ڕوسیا و خاچی سوورەوە پێمان گەیشتووە، یارمەتیە تەندروستیەکانی کە کاراکاس وەریگرتووە دەگاتە نزیکەی 166 تەن."

لە 29 ی مانگی سێدا چین بارێکی دیکەی نارد کە 65 تەن لە یارمەتیە تەندروستیەکانی تێدابوو.

ڤەنزوێلا ڕووبەڕووی قەیرانێکی مەترسیداری دەرمان و خۆراک بۆتەوە بەهۆی خراپبوونی باری ئابووری وڵاتەکەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە سەدا 40 ی دانیشتوانی ڤەنزوێلا کە لە 30 ملیۆن پێکهاتوون پێویستیەکی زۆریان بە یارمەتیە مرۆییەکان هەیە.

هەروەها لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کاتێک سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ وەکو سەرۆکی یاسایی وڵاتەکە خۆی ناساند و زیاتر لە 50 وڵات بە فەڕمی پشتیوانیان لێکرد، وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە بۆتەوە.

گوایدۆ هەوڵیدا لەڕێی کۆڵۆمبیا و بەڕازیل و کوڕاساوەوە ئەو یارمەتیە مرۆییانە بهێنێتە ناو وڵاتەکەوە کە ئەمەریکا پێشکەشی کردبوو، بەڵام سوپای ڤەنزوێلا بە فەرمانی مادورۆ ڕێگەیان نەدا یارمەتیەکان بێنە ناو وڵاتەکەوە.

مادورۆ لۆمەی سزاکانی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت ئەو سزایانە بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی بژێوی و ئابووری، جەختیشی لەوە کردەوە سزاکانی ئەمەریکا زیانی 30 ملیار دۆلاریان گەیاندووە بە وڵاتەکە.

مانگی ڕابردوو مادورۆ ڕێگەیدا یارمەتی مرۆییەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی بێتە ناو وڵاتەکەوە، خاچی سوور داوای لە هەردوولا کرد بابەتی یارمەتییەکان نەخەنە ناو ململانێکانەوە.

نوێنەری چین لە ڤەنزوێلا لی باورۆنگ وتی هیوادارە یارمەتیە تەندروستیەکانی چین بۆ ڤەنزوێلا کەمێک لەو زیانانە کەم بکاتەوە کە بەهۆی سزا بیانیەکانەوە گەیشتووە بە وڵاتەکە.

جێی ئاماژەیە چین و ڕوسیا پشتیوانی لە حکومەتەکەی مادورۆ دەکەن لەکاتێکدا ئەمەریکا پشتیوانی لە گوایدۆ دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG