وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت چین ڕێز لە پێگەی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە خاوەن سەروەرانە دەگرێت کە بەهۆی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە دروست بوون، ئەمەش دوای ئەوەی باڵیۆزی چین لە پاریس گرژییەکی دیبلۆماتی دروست کرد کاتێک سەروەری وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەتی خستە ژێر پرسیارەوە.
باڵیۆزی چین لە پاریس لو شای وتی وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەتی وەکو ئۆکرانیا " پێگەیەکی ڕاستەقینەیان نیە لە یاسای نێودەوڵەتیدا." وەزیرانی دەرەوەی چەندین وڵاتی یەکێتی ئەوروپاش لە وەڵامدا وتیان لێدوانەکانی جێی قبوڵکردن نین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەکین باسی لە هەڵوێستی فەڕمی حکومەتی چین کرد کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا چین پشتگیری لە لێدوانەکانی باڵیۆزەکە دەکات یاخود نا.
ماو وتی " چین ڕێز لە پێگەی وڵاتانی ئەندام دەگرێت وەکو وڵاتی خاوەن سەروەر دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت." وتیشی چین یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە بۆ یەکەمین جار پەیوەندی دیبلۆماتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دروست کردووە.
وتیشی لەسەر پرسی سەروەری خاک، هەڵوێستی چین جێگیر و ڕوونە.
وتی چین ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سەرجەم وڵاتان دەگرێت و پابەندی پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
سەبارەت بەوەی ئایا چین ئۆکرانیا بە وڵاتێکی خاوەن سەروەر دەزانێت، ماو وتی هەڵوێستی چین لەسەر ئەم پرسە بابەتییانە و دادپەروەرانەیە.
وتی " یەکێتی سۆڤیەت وڵاتێکی فیدڕاڵ بووە، پێگەی هەبووە لە یاسای نێودەوڵەتیدا، لەبەر ئەوە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، کۆمارە جیاوازەکان پێگەی وڵاتی خاوەن سەروەرییان هەیە."
وتیشی تەنها وڵاتی خاوەن سەروەر دەتوانێت ببێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. ئاماژەی بەوەشدا " ئەو وڵاتەی کە باست کرد ' ئۆکرانیا ' ئەندامێکی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزارەتی دەرەوەی چین: چین ڕێز لە وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت دەگرێت وەکو وڵاتی خاوەن سەروەر
