چین بەڵێن دەدات " وەڵام بداتەوە " ئەگەر سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لە ماوەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا کۆببێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە تسای بەڕێکەوت بۆ ئەمەریکا، لەوێوە بەرەو گواتیمالا و بێلیز دەچێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا. لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تایوان، لە کالیفۆرنیا دەوەستێت، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی ئاماژەی بەوەداوە لە کالیفۆرنیا چاوی بە تسای دەکەوێت.
چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت و دەڵێت دەبێت لەگەڵ چیندا یەکبخرێتەوە، هەروەها دەڵێت بەپێی بنەمای " یەک چین " هیچ وڵاتێک نابێت لە هەمان کاتدا پەیوەندی فەڕمی لەگەڵ تایوان و چینیشدا هەبێت.
ڕۆژی چوارشەممە چین هۆشداریدا و وتی " بە توندی دژی " هەر کۆبوونەوەیەکی نێوان تسای و مککارثییە و بەڵێنیدا " ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ وەڵامدانەوە "، ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت.
وتەبێژی ئۆفیسی کاروباری تایوان ژو فێنگلیان وتی " ئەگەر تسای لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثیدا کۆببێتەوە، ئەوا کارێکی وروژێنەرانەی دیکە دەبێت کە بە جددیی بنەمای یەک چین پێشێل دەکات، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی چین دەخاتە مەترسییەوە و ئاشتی و سەقامگیری سەرانسەری تەنگەی تایوانیش دەخاتە مەترسییەوە."
سەردانەکەی تسای دوای بڕیارەکەی هوندۆراس دەبێت بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دیبلۆماتی لەگەڵ چیندا و پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تایواندا، تاوەکو ئێستا تەنها 13 وڵات بە گواتیمالا و بێلیزیشەوە پەیوەندی فەڕمییان لەگەڵ تایواندا هەیە.
تسای بە ڕۆژنامەنووسانی وت " فشارە دەرەکییەکان ڕێگر نابن لەبەردەم سووربوونماندا بۆ بە جیهانی بوونمان. ئێمە ئارامین و متمانەمان هەیە. خۆمان بە دەستەوە نادەین و ئەوانی دیکە ناوروژێنین."
دوای سەردانەکەی بۆ نیویۆرک، تسای لە گواتیمالا لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەلیخاندرۆ گیاماتیدا کۆدەبێتەوە و دواتر لە بێلیز لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە جۆن بریسیۆندا کۆدەبێتەوە.
لە کاتی گەڕانەوەیدا لە لۆس ئانجلس دەوەستێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی وتی لە کالیفۆرنیا چاوی بە تسای دەکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکە لەلایەن بەرپرسانی تایوانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ساڵی ڕابردوو سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی سەردانی تایوانی کرد و تووڕەبوونی چینی لێکەوتەوە، دواتر چین چالاکییەکی گەورەی سەربازی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا کە بێپێشینە بوو.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە دڵنیاییەوە هیچ هۆکارێک نیە بۆ چین پاساو بهێنێتەوە بۆ زیادەڕۆییکردن لە کاردانەوەکەی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر دژی تایوان." وتیشی وەستانەکەی تسای لە ئەمەریکا مانای گۆڕانی سیاسەتی ئەمەریکا نیە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
چین بەڵێنی وەڵامدانەوە دەدات ئەگەر سەرۆکی تایوان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا کۆببێتەوە
