سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی چین شی جین پینگ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا باسیان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و دۆسیەی میانمار کرد، بەپێی بەیاننامەکانی هەردوولا لەسەر پەیوەندییەکە، هیچ کام لە سەرۆکەکان باسیان لە پرسی وێگۆر نەکردووە.
لە بەیاننامەکانی دەزگای هەواڵی نوێی چین و سەرۆکایەتی فەڕەنسادا ئاماژە بە دۆخی موسوڵمانەکانی ویگۆری باکووری ڕۆژئاوای چین نەکراوە.
ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان لەمیانەی لێدوانەکەیدا لەبەردەم ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی " سەرکوتکارییەکانی " چینی کرد دژی موسوڵمانانی ویگۆر لە شینگیانگ.
دواتر باڵیۆزخانەی چین لە پاریس سەرکۆنەی " سەرجەم دەستوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆی چین کرد کە بەهۆی مافەکانی مرۆڤەوە دەکرێن."
ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ویگۆر و کەمینەکانی دیکە لە ناوەندە سەربازییەکاندا لە ناوچەی شینگیانگ دەستبەسەرکراون و هەوڵدەدرێت بیروڕای سیاسییان بگۆڕدرێت. ساڵی ڕابردوو ماکرۆن وتی " ئەوە جێی قبوڵکردن نیە."
لەلای خۆیەوە پەکین ئەو ژمارەیە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت مەبەست لە ناوەندەکان پێدانی مەشقە کە تایبەت کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی ئیسلامی.
دەزگای هەواڵی فەڕمی چین وتی سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆکی چین پیرۆزباییان لەیەکتر کردووە لەسەر ئەو ڕێکەوتنەی کە لە کۆتای ساڵی 2020 دا لەنێوان چین و یەکێتی ئەوروپادا واژۆکرا بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکان، سەرۆکی چین داوایکردووە " بەزووترین کات بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنساش وتی ماکرۆن داوای لە پەکین کردووە " لەنزیکترین کاتدا " ڕێکەوتنی ڕێکخراوی سەرەکی کاری نێودەوڵەتی پەسەند بکات.
بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتنەکەی نێوان چین و یەکێتی ئەوروپا، چین بەڵێنیداوە کاربکات لە پێناو پەسەندکردنی ڕێکەوتنەکان.
بەڵام تاوەکو ئێستا نوسراوەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی پەسەند نەکردووە کە تیایدا ڕێگە نادرێت " خەڵک ناچاری کارکردن بکرێت." ئەمە لەکاتێکدا چین تۆمەتبار کراوە بەوەی دانیشتوانی ویگۆری ناچارکردووە کارێکی دیاریکراو بکەن و ئەگەر ڕەتی بکەنەوە ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.
لە بەیاننامەکاندا ئاماژە بەوە دراوە هەردوو سەرۆک هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان لە بوارەکانی گەشت و پیشەسازی کشتوکاڵیدا.
هەروەها کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ئەوەشی خستەڕوو ماکرۆن لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا " نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوشی میانمار ". ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا چین ڕەتی دەکاتەوە باس لە کودەتا سەربازییەکەی میانمار بکات.
سەرچاوە/ فرانس پرێس