Accessibility links

میدیاکانی چین لە ڕاگەیاندنی هەواڵی مەرگی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک پاشگەزدەبنەوە


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی چین هەواڵی مەرگی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وچانگ لە شاری وهانیان ڕاگەیاند، بەڵام دواتر گوتیان نەخێر هێشتا زیندووە و چارەسەری تەندروستی بۆ دەکرێت.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی چین ڕایگەیاند "لیو چی مینگ" بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وچانگ بەیانی ڕۆژی سێشەممە گیانی لەدەست دا پاش ئەوەی هەموو هەوڵەکان شکستیان هێنا بۆ پاراستنی ژیانی.

دواتر هەواڵەکە لەلایەن نەخۆشخانەکەیەوە بە درۆ خرایەوە و بە فڕانس پـرێسیان گوتووە هێشتا زیندووە و پـزیشکەکان چارەسەری پـزیشکی پێ دەدەن.

جێی بیرهێنانەوەیە دە ڕۆژ لەمەوبەر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی چین هەواڵی مەرگی ئەو پـزیشکەیان ڕاگەیاند کە هوشداری دا لە مەترسیـیەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیـیە مەترسیدارە، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان بە درۆخستەوە و لە کۆتاییدا ئاشکرایان کرد گیانی لەدەستداوە. ئەمەش ناڕەزایی توندی چینیـیەکانی لێکەوتەوە.

بەپـێی دوایـین ئامار هەتا ئێستا ئەم جۆرە نوێـیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 1874 کەس، لەوانە 1869 کەسیان لە چین.

XS
SM
MD
LG