Accessibility links

چین نەخۆشخانە 1000 قەرەوێڵەیـیەکەی تەواوکرد و ئێستا نەخۆش وەردەگرێت


چین نەخۆشخانە 1000 قەرەوێڵەیـیەکەی تەواوکرد و لە ئێستادا دەستیکردووە بە وەرگرتنی نەخۆشەکانی تووشبوو بە جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کاربەدەستانی چین ڕایانگەیاند نەخۆشخانەی هوشنشان لە شاری ووهان کە لە 23 ی مانگی یەکەوە دەستکرا بە بنیادنانی، دوێنێ یەکشەممە تەواوبوو و ئەمڕۆ دووشەممە دەستیکردووە بە وەرگرتنی نەخۆشەکان.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی شینخوا دەڵێت 1400 ئەندامی هێزە چەکدارەکانی چین لە نەخۆشخانەکە کاردەکەن، 950 کارمەندیان لە نەخۆشخانەکانی لەشکرەوە ڕەوانەکراون و 450 کارمەندەکەی دیکە لە زانکۆ پـزیشکیـیەکانی سەر بە هێزی پـیادە و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی هاتوون.

لە ئێستادا کار بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەیەکی دیکە لە هەمان شار دەکرێت.کاربەدەستان دەڵێن نەخۆشخانەی لیشینشان ئەویش لە ماوەیەکی کورتدا تەواو دەکرێت.

شاری ووهان کەوتووەتە بەشی ڕۆژهەڵاتی چین و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 11 ملیۆن کەسە. لەوەتای نەخۆشیـیەکە بڵاوبووەتەوە، دەسەڵاتدارانی چین ڕێگە نادەن دانیشتوانەکەی لە شارەکەیان بچنە دەرێ هەتا نەخۆشیـیەکە لەوە زیاتر بە وڵاتەکەدا بڵاونەبێتەوە.

بەپـێی ئامارەکانی ئەمڕۆ دووشەممە لە چین، 17302 کەس تووشی نەخۆشیـیەکە بوون، 361 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 2296 کەسیان باری تەندروستیان زۆر خراپە، بەڵام 512 کەسیان چاکبوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG