ڕۆژی هەینی چین سێیەمین کەشتی فڕۆکە هەڵگری خستە کارەوە، کەشتیەکە بە ناوی هەرێمی فوژیانی بەرامبەر تایوان ناونرا، بەمەش پەیامێکی ئاڕاستەی ڕکابەرەکانی کرد، لەکاتێکدا کە سوپاکەی نوێدەکاتەوە.
یەکێک لە سەرەکیترین ئەجێنداکانی سەرۆکی چین شی جینپینگ پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیە، هەوڵدەدات دەسەڵاتەکانی سوپاکەی فراوان بکات بۆ دەرەوەی کەناراوەکانیشی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی حکومەتی چین دەڵێت نیازییان دوژمنکاری نیە.
دەیان ئەفسەری هێزی دەریایی چین لە بەردەم کەشتییەکەدا ڕیزیان بەستبوو و سرودی نیشتیمانی وڵاتەکەیان دەووتەوە، بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەش ئامادەی مەڕاسیمەکە بوون، لەوانەش جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربازی ناوەندی چین شو کیلیانک.
کەشتی فڕۆکە هەڵگری فوژیان دەچێتە پاڵ کەشتیەکانی دیکەی وەکو شاندۆنگ کە لە کۆتایی ساڵی 2019 دا خرایە کارەوە، هەروەها کەشتی فڕۆکە هەڵگری لیاونینگیشەوە کە چین لە ساڵی 1998 دا وەکو دەستی دوو لە ئۆکرانیای کڕییەوە و لەو کاتەوە چین پەرەی پێداوە.
چین هێشتا هەوڵ دەدات تواناکانی بۆ بەڕێوەبردنی کەشتیە فڕۆکە هەڵگرەکانی زیاتر بکات و تاوەکو هێزی دەریایی وڵاتەکە بتوانێت بەکارییان بهێنێت، ئەمەش شتێکە کە ئەمەریکا دەیان ساڵە دەیکات.
لە ڕووی ئەو جۆرە کەشتیانەوە، تەنها ئەمەریکا زیاتری لە چین هەیە، لە ئێستادا ئەمەریکا 11 کەشتی فڕۆکە هەڵگری هەیە.
کارپێکردنی فوژیان زیادبوونی توانا سەربازییەکانی چین دەردەخات، لەکاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین لەسەر تایوان و دەریای باشووری چین لە زیادبووندان.
هەرێمی فوژیان دەکەوێتە بەرامبەر تایوانەوە و ماڵی سەرکردایەتی ڕۆژهەڵاتی سوپای چینە.
چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بکاتەوە، هەرگیز بەدووریشی نەزانیوە هێز بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت.
بەرپرسێکی باڵای تایوان کە ئاگاداری پلانەکانی ئاسایشی دوورگەکەیە بە ڕۆیتەرزی وت نیاز لە کەشتیە نوێیەکەی چین بۆ ناوچەکە زیادکردنی دەسەڵاتەکانی چینە بۆ ناو دەریای پاسێفیک.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات گوتی " لە داهاتوودا چین دەیەوێت دزە بکاتەوە ڕۆژهەڵاتی یەکەمین زنجیرە دوورگەکانەوە، لەوانەش دوورگەکانی ڕیوکیوی ژاپۆن و ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی تایوان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز