Accessibility links

تایوان دەڵێت چین دەتوانێت بەندەرە سەرەکییەکانی گەمارۆ بدات


وەزارەتی بەرگری تایوان وتی هێزە چەکدارەکانی چین لەتوانایاندا هەیە فڕۆکەخانە و بەندەرە سەرەکیەکانی تایوان گەمارۆ بدەن، ئاماژەشی بەوەدا ئەمە " هەڕەشەیەکی مەترسیدارە " لەلایەن چینەوە بۆ سەر تایوان.

چین هەرگیز بەکارهێنانی هێزی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تایوان ڕەت نەکردۆتەوە و لەمدواییانەشدا چالاکیە سەربازییەکانی لە دەوروبەری تایوان زیادکردووە، لەوانەش فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی چین بەسەر ناوچەی ئاسمانی بەرگری تایواندا.

وەزارەتی بەرگری تایوان لە ڕاپۆرتێکدا کە دوو ساڵ جارێک بڵاودەکرێتەوە و تیایدا هەڵسەنگاندنێک بۆ هەڕەشەکانی چین بۆ سەر تایوان دەکات، ئاماژەی بە فڕینی فڕۆکە جەنگیەکانی چیندا بەسەر ناوچەی ئاسمانی بەرگری تایواندا لە نێوان مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو و کۆتایی مانگی هەشتی ئەم ساڵدا.

ساڵی ڕابردوو شیکەرەوە سەربازییەکان بە ڕۆیتەرزیان وت ئەم تاکتیکەی چین مەبەست لێی دامرکاندنی تایوانە لەڕێی هیلاک کردنیانەوە.

وەزارتی بەرگری تایوان وتی " لە هەمان کاتدا سوپای چین هەوڵ دەدات تاوەکو ساڵی 2035 نوێکردنەوەی هێزەکانی تەواو بکات، ئەوەش لەپێناو ئەوەی لە ئەگەری ئەرکە سەربازییەکانیدا دژی تایوان باڵادەست بێت، هەروەها تاوەکو بتوانێت ڕووبەڕووی هێزە بیانیەکانیش ببێتەوە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیمان."

وتیشی " لە ئێستادا سوپای چین دەتوانێت گەمارۆی بەندەر و فڕۆکەخانە سەرەکیەکان و ڕێڕەوی گەشتی فڕۆکەکان بدات، ئەمەش لەپێناو پچڕاندنی هێڵەکانی پەیوەندیی ئاسمانی و دەریاییەکانمان و کارکردنە سەر گەیشتنی پشتیوانیە سەربازییەکان بۆ تایوان."

چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت، وەزارەتی بەرگری چین ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەم بابەتە بدات.

سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن دەڵێت تایوان وڵاتێکی سەربەخۆیە و بەڵێنیداوە بەرگری لە ئازادی و دیموکراسییەکەی بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG