لەمیانەی وتارەکەیدا لە دەستپێکی کۆبوونەوەیەکدا کە لەڕێی ڤیدیۆوە ئەنجامدرا و کۆڕبەندی ئابووری جیهانی میوانداری کردبوو، سەرۆکی چین شی جین پینگ وتی وڵاتەکەی یەک ملیار ژەمە ڤاکسینی دیکە دەنێرێت بۆ وڵاتانی دیکە، هەروەها داوای هاریکاری جیهانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشەکانی دیکە، هانی زلهێزەکانی دیکەی جیهانیشیدا دەستبەرداری " شێوازی بیرکردنەوەی جەنگی سارد " ببن.
شی لەمیانەی کۆڕبەندەکە کە ساڵانە لە داڤۆسی سویسرا بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەڕێی ڤیدیۆوە ئەنجام دەدرێت، باسی لە هەوڵەکانی چین کرد بۆ بەشکردنی ڤاکسینەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا.
گۆڕانی کەش و هەوا وهەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 5.5 ملیۆن کەس و فشارێکی گەورەی خستەسەر ئابووری جیهان، بابەتی سەرەکی بوون لە کۆڕبەندەکەی ڕۆژی دووشەممەدا.
شی وتی وڵاتەکەی زیاتر لە 2 ملیار لە ڤاکسینەکەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوانەی زیاتر لە 120 وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کردووە. هەروەها ڕاشیگەیاند پلانیان هەیە بۆ دابینکردنی 1 ملیار ڤاکسینی دیکە، لەو یەک ملیارەش 600 ملیۆنی بۆ ئەفریقا و 150 ملیۆنی دیکەی بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوبەرانی پڕۆگرامی کۆڤاکس کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات و کارییان ئەوەیە ڤاکسین بە وڵاتە هەژارەکاندا دابەش بکەن، وتیان تاوەکو ئێستا 1 ملیار ژەمە ڤاکسینیان دابەش کردووە.
لێدوانەکانی شی لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین لەسەر بابەتەکانی تایوان و موڵکی فیکری و بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ و دەریای باشووری چین گرژییان تێکەوتووە.
شی وتی " دەبێت دەستبەرداری شێوازی بیرکردنەوەی جەنگی سارد بین و هەوڵی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دەرەنجامی یەکسان بدەین، سیاسەتی کۆتوبەند خستنە سەر هەناردەی کەلوپەلەکان لە وڵاتانی دیکەوە و تاکلایەنی ناتوانێت کەس بپارێزێت."
وتیشی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی شتێک لەسەر حسابی ئەوانی دیکە یارمەتیدەر نابێت، تەنها ڕێگە بۆ بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی گەشەیەکی ئاشتیانە و هاریکارییەکە کە هەردوولا براوە بن تیایدا."
وتیشی چین " ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ " وڵاتانی دیکەدا سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەوا، بەڵام هیچ دەستپێشخەرییەکی نوێی ڕانەگەیاند، وتی ئەوە پەیوەستە بە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکەوە پارە و تەکنەلۆجیای بۆ دابین بکەن.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس