Accessibility links

دەستەی سوێندخۆران: ئەو پـۆلیسەی بووە هۆی مەرگی جۆرج فلۆید لە هەرسێ تۆمەتەکەی ئاڕاستەی کراون تاوانبارە


ئەو شوێنەی جۆرج فلۆیدی لێ کوژرا
ئەو شوێنەی جۆرج فلۆیدی لێ کوژرا

دەستەی سوێندخۆران لە کەیسی مەرگی جۆرج فلۆید بڕیاری دا ئەو پـۆلیسەی بە ئەژنۆی چووە سەر ملی جۆرج فلۆید تاوانبارە بە کوشتنی لە هەرسێ تۆمەتەکەی ئاڕاستەی کراون.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە و لە دوای سێ هەفتە لە دانیشتنی دادگا و گوێگرتن لە شایەتحاڵەکان و شارەزایان، دەستەی سوێندخۆران کە پـێکهاتووە لە 7 ژن و 5 پـیاو بڕیاری دا دێرک شۆڤنی پـۆلیس تاوانبارە بە کوشتنی جۆرج فلۆید.

لەسەر بنەمای ئەم بڕیارەی دەستەی سوێندخۆران، ڕەنگە دادوەر بڕیار بدات دێرک شۆڤن(تەمەن45 ساڵ) بۆ نزیکەی 40 ساڵ زیندانی بکرێت.

جێی ئاماژەیە لە 25 ی مانگی پـێنجی ساڵی 2020لە شاری مینیاپـڵسی ویلایەتی مینەسۆتا، جۆرج فلۆید گیانی لەدەستدا لەو کاتەی لەلایەن پـۆلیسەوە هەوڵی دەستگیرکردنی درا بە تۆمەتی پـێدانی 20 دۆلاری ساختە بە فرۆشگایەک.

کوژرانی جۆرج فلۆید توڕەیـیەکی زۆری لە ناو ئەمەریکا و دەرەوەی ئەمەریکاش دروستکرد.

لە پاش ڕاگەیاندنی بڕیارەکە سەرۆک جۆو بایدن لەم بارەیەوە وتارێکی پـێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەکە دەربڕی و گوتی جارێکی دیکە لەگەڵ بنەماڵەی جۆرج فلۆید قسەی کردووە و پـێی گوتوون ڕاستە هیچ شتێک ناتوانێت برا و باوکتان بهێنێتەوە، بەڵام دەکرێت ئەمە هەنگاوێکی مەزن بێت بە ئاڕاستەی دادپەروەری لە ئەمەریکا.

سەرۆک بایدن گوتیشی کوشتنی جۆرج فلۆید پەردەی لەسەر ئەو ڕەگەزپەرستیـیە لادا کە لە وڵاتەکەماندا هەیە.. ئەو ڕەگەزپەرستیـیە پەڵەیەکی شەرمەزاریـیە بە نێو چەوانی میلـلەتەکەماندا."

لەو پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەدا کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ئەویش لەگەڵ سەرۆک بایدن بوو و بە بنەماڵەی فلۆیدی گوت "بەو سەرۆکەی ئێستا لە کۆشکی سپی هەمانە دەتوانین بە شتێکی باش لەم تراژیدیایە بهێنە دەرێ."

هاوکات لە تویتەرەکەی نووسی کە پـێویستە ئەنجومەنی سینات یاسای جۆرج فلۆید بۆ دادپەروەی پەسەندبکات بۆ ئەوەی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە هەموو شوێنێک پابەندی ڕێساکان بن بە ئامانجی یارمەتیدان لە دروستکردنی متمانە لە نێوان دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و کۆمەڵگەکانمان.

بێن کرومپ، پارێزەری مافە سیڤیلیـیەکان و پارێزەری بنەماڵەی فلۆید ڤیدیۆی ساتی پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکەی سەرۆک جۆو بایدن و جێگری سەرۆک کامڵا هێرسی لەسەر تویتەرەکەی بڵاوکردەوە.

لەلایەکی دیکە سیناتۆر تیم سکەتی کۆماری ئەویش خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەکە دەربڕی و گوتی ئەمە بەهێزی سیستەمی دادپەروەری ئەمەریکای سەلماند.

لە ئێستادا چاوەڕوانی بڕیاری دادوەر دەکرێت و ئایە پارێزەری پـۆلیسەکە تانە لە بڕیارەکە دەگرێت یان نا. بەپـێی شارەزایان ڕەنگە کەیسەکە هەتا دادگای باڵای ویلایەتی مینەسۆتا بگات.

جێی ئاماژەیە لە سیستەمی دادوەری ئەمەریکا دەستەی سوێندخۆران Jury هەیە کە ئەندامەکانی لە هاوڵاتیانی ئاسایی پـێکدەهێنرێت تاوەکو بڕیار لە کەیسێـک بدەن و دادگا لەسەری کاربکات. دەستەکە لە 6 هەتا 12 کەس پـێکدێت.

XS
SM
MD
LG