ڕێکخراوی خێرخوازی ئیمێرجێنسی ڕایگەیاند کەشتییەکی خێرخوازیی 76 کۆچبەری لەسەر بەلەمێکی دار لە دەریای ناوەنددا ڕزگارکردووە و بەرەو بەندەری ناپۆلی باشووری ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە.
کەشتییەکی دیکەی ڕێکخراوێکی خێرخوازی دیکە 59 کۆچبەری ڕزگارکراوی گواستووەتەوە بۆ بەندەری ئیمپیدۆکلی سیسیلی باشووری ئیتاڵیا، ئەمەش لە کاتێکدا کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی تێپەڕاندنی دەریای مەترسیداری ناوەند دەدەن زیاتر دەبێت.
ڕێکخراوەکە وتی حەوت ژن و 24 منداڵ هەبوون لە نێو ئەو 76 کەسەدا کە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ڕزگارکراون.
وتیشی کەشتییە 12 مەترییەکە درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە لە لیبیاوە هاتووە و ئەوانەی ڕزگارکراون خەڵکی میسر و ئیریتریا و ئیسیوپیا و سوریا بوون.
بەرپرسانی ئیتاڵیا یارمەتیدەر بوون لە هەماهەنگیکردنەکاندا بۆ ڕزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە، کەشتییە خێرخوازییەکەش پێشبینی دەکرێت ڕۆژی دووشەممە بگاتە ناپۆلی.
ڕێکخراوی ئۆپن ئاڕمس کە ڕێکخراوێکی خێرخوازی دیکەیە و لە دەریای ناوەنددا کاردەکات، وتی کەشتییەکییان بەرەو سیسیلی ڕۆیشتووە و 59 کەسی ڕزگارکردووە کە پێنج منداڵیشییان تێدایە، دووانییان تەمەنییان چەند هەفتەیەکی کەمە.
ئۆپن ئاڕمس داوای لە بەرپرسانی ئیتاڵیا کردووە مۆڵەتی بدەنێ بێتە بەندەرەکە، ئەوەش دوای ئەوەی کە سەرەتا پێی وترابوو کۆچبەرەکان بگەڕێنێتەوە بۆ تونس.
ئیتاڵیا ڕێگەی سەرەکیی سەدان هەزاران کۆچبەر و پەنابەرە بۆ ئەوروپا، وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا وتی تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا نزیکەی 95,000 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، ئەمەش دوو هێندە زیاترە لەو ژمارەیەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
دەریای ناوەندی یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێڕەوەکانی کۆچبەران لە جیهاندا. بەپێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، لە ساڵی 2014 ەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 22,000 کەس لەو دەریایەدا گیانییان لە دەستداوە یاخود بێسەروشوێن بوون.
هەر لە ڕۆژی شەممەدا، بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە لە کەناڵی ئینگلیزدا لانیکەم شەش کەس گیانییان لە دەستدا و 50 کەسی دیکە ڕزگارکران.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز