Accessibility links

جەنەڕاڵ مارک مێڵی پـۆستی سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکای گرتەدەست


جەنەراڵ مارک مێڵی پـۆستی سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکای گرتەدەست تاوەکو شوێنی جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد بگرێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆک ترامپ، جەنەڕاڵ مارک مێڵی تەمەن 61 ساڵ سوێندی فەرمی خوارد وەک 20 هەمین سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا.

مەراسیمەکە لە کەشوهەوایەکی باراناویدا لە بنکەی لەشکری ئارلینگتن لە ویلایەتی ڤێرجینیای نزیک واشنتنی پایتەخت بەڕێوەچوو.

سەرۆک ترامپ گوتی" وەک بیستوومانە بارانبارین لە بۆنەیەکی گەورەدا بەختەوەری بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە پـێموایە بەختەوەرترین جەنەڕاڵ دەبێت لە مێژوودا."

گوتیشی جەنەڕاڵ مارک مێڵی هاوڕێ و ڕاوێژکاریەتی و شایستەی ئەو پـۆستەیە.

سەرۆکی ئەرکانی نوێ لای خۆیەوە گوتی بەردەوام ئامۆژگاری ڕاشکاو و بێ لایەنانە دەدات.

سەرۆک ترامپ لە تویتەرەکەی ڤیدیۆی مەراسیمەکەی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیویەتی"جێی شەرەفێکی گەورەیە ئەم بەیانـیە ئامادەبووم لە مەراسیمی پـێشوازیکردن لە جەنەڕاڵ مارک مێڵی 20 هەمین سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا."

جەنەڕاڵ مارک مێڵی ئەزمونێکی دوردرێژی لەشکری هەیە و بەشداری لە شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستاندا کردووە.

جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی ئەرکانی پـێشوو، ساڵی 2015 لەلایەن سەرۆک ئۆباماوە لەو پـۆستە دانرا و پاشان لە ساڵی 2017 دوو ساڵی دیکەی بۆ نوێکرایەوە.

سەرۆک ترامپ لە مانگی دوازدەی ڕابردوو جەنەڕاڵ مارک مێڵی بۆ ئەم پـۆستە پـێشنیارکرد، بەڵام جێم ماتیس وەزیری بەرگری پـێشوو جەنەڕاڵ دەیڤد گولدشتاین فەرماندەی هێزی ئاسمانی پـێباشبوو.

دواتر سەرۆک ترامپ جەنەڕاڵ مارک مێڵی دەستنیشانکرد و لە کۆتایی مانگی حەوت ئەنجومەنی سینات بۆ پـۆستەکە پەسەندیکرد بە دەنگی 89 بەرامبەر 1.

XS
SM
MD
LG