ئەو کەسەی دوێنێ پـێنجشەممە بە چەک 5 کەسی لە ئۆفیسی ڕۆژنامەیەکی ویلایەتی مێریلاندی ئەمەریکا کوشت، ئەمڕۆ هەینی دەبرێتە دادگا بە تۆمەتی ئەنجامدانی 5 تاوانی کوشتنی پـلە یەک.
جێرد ڕامۆسی تەمەن 38 ساڵ پاش نیوەڕۆی دوێنێ چووە سەر ئۆفیسی ڕۆژنامەی کاپـتڵ گازێت Capital Gazette لە شاری ئەنناپڵسی ناوەندی ویلایەتی مێریلاند و لەوێ کەوتە تەقەکردن لە کارمەندانی ڕۆژنامەکە و لە ئەنجامدا 4 ڕۆژنامەوان و فەرمانبەرێکی ڕۆژنامەوانەکە گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکە برینداربوون.
بەپـێی لێدوانی ڕۆژنامەوانانی کاپـتڵ گازێت بۆ میدیاکان، ناوبراو ڕق و کینەیەکی زۆری بەرامبەر ڕۆژنامەکەیان هەبووە، ئەمەش لەسەر نووسینی بابەتێک لەسەری لە ساڵی 2011 . چەندان جار هەڕەشەی لێکردوون و ساڵی 2012 سکاڵای لە دژیان تۆمارکردووە.
دەشڵێن پـێشتر لە ساڵی 2013 دەسەڵاتدارانیان لێی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام پـۆلیس هیچ ڕێوشوێنێکی پـێویستی لە بەرامبەری نەگرتبووەبەر.
سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەوە ماتەمینی خۆی دەربڕی و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیـیەکان کرد و سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە بە خێرایی گەیشتبوونە شوێنی ڕووداوەکە.
ئەم تاوانە بووە جێی ناڕەزایی ڕۆژنامەوان و میدیاکارانی ئەمەریکا و بەشێکیان لە ڕێگەی تویتەرەکانیانەوە سەرزەنشتی کوشتنکاریـیەکەیان کرد و جارێکی دیکە پـرسی یاسای چەکهەڵگرتنی وڵاتەکەیان هێنایەوە بەرباس.