Accessibility links

کەنەدا سەرکۆنەی جوڵە سەربازییەکانی ڕوسیا دەکات لەنزیک ئۆکرانیا


وەزیری دەرەوەی کەنەدا مێڵەنی جۆڵی

وەزیری دەرەوەی کەنەدا مێڵەنی جۆڵی سەرکۆنەی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیای کرد لەنزیک ئۆکرانیا و وتی وڵاتەکەی لەکاتی گونجاودا بڕیار دەدات لەسەر ڕەوانەکردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا.

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، مێڵەنی جۆڵی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانیەکەی دمیتری کولیبادا وتی هەر دوژمنکارییەکی نوێی ڕوسیا دەرەنجامی قورسی لێدەکەوێتەوە.

ئۆکرانیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا و لەوە دەترسن ڕوسیا ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئۆکرانیا بکات.

لە ساڵی 2014 ەوە دوای ئەوەی ڕوسیا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆی، کەنەدا هەمیشە پشتیوانی لە ئۆکرانیا کردووە.

جۆڵی وتی " کەنەدا زۆر نیگەرانە سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا و زۆر نیگەرانیشین سەبارەت بە چالاکیە تێکدەرەکانی ناوەوە و دەوروبەری ئۆکرانیا."

وتیشی " ئێمە یەکگرتووین لە پشتیوانیماندا بۆ ئۆکرانیا و بێگومان هەر دوژمنکارییەک بۆ ناو ئۆکرانیا دەرەنجامی قورسی لێدەکەوێتەوە، لەوانەش سەپاندنی سزای توند بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیماناندا."

سەبارەت بە ڕەوانەکردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا، جۆڵی وتی " بەڕوون و ئاشکرا داواکارییەکانی حکومەتی ئۆکرانیامان بیستووە. زۆرێک لە بەرپرسانی ئێرە جەختیان لەم داوایە کردەوە. دەزانین کە گرنگە ڕۆڵی خۆمان ببینین لەو چوارچێوەیەدا، لەبەر ئەوەیە تاوتوێی بژاردەکان دەکەین و لە کاتێکی گونجاودا بڕیاری خۆمان دەدەین."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا وتی " سەردانێکی زۆرمان دەکرێت و پەیوەندی تەلەفونی و گفتوگۆیەکی زۆرمان لەگەڵدا دەکرێت، مەبەستەکەش لێی بەربەست دانانە لەبەردەم ڕوسیادا تاوەکو پلانە دوژمنکارییەکانی جێبەجێ نەکات."

وتیشی " گفتوگۆکەی ئەمڕۆشمان لەگەڵ مێڵەنیدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئێمە وەکو بەرەیەکی دیبلۆماتی یەکگرتوو مامەڵە دەکەین و پێکەوە پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکان لەم کاتە سەختەدا بۆ ئۆکرانیا کۆدەکەینەوە. بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە. داوام لە هەمووان کردووە نەترسن."

دەزگای هەواڵی جیهانی کەنەدا ئاماژەی بەوەدا کەنەدا هێزە تایبەتیەکانی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە، ئەوەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ بەربەست دانان لەبەردەم دوژمنکارییەکانی ڕوسیادا و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ یارمەتیدانی حکومەتی ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG