Accessibility links

کەنەدا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات گەشتی ناپێویست بۆ ئۆکرانیا نەکەن


حکومەتی کەنەدا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات گەشتی ناپێویست بۆ ئۆکرانیا نەکەن، دەڵێت داواکەی بەهۆی " دوژمنکارییەکانی ڕوسیاوەیە " بەرامبەر ئۆکرانیا.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، ڕۆژی هەینیش ئەمەریکا وتی نیگەرانی ئەوەیە ڕوسیا ئامادەکاری بکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لەحاڵەتێکدا ئەگەر گفتوگۆکان سەرکەوتوو نەبوون لە جێبەجێکردنی داواکانی مۆسکۆدا.

حکومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند " ئاستی مەترسی گەشتمان بۆ ئۆکرانیا گۆڕیوە و داوا دەکەین گەشتی ناپێویست بۆ ئەو وڵاتە نەکرێت، ئەوەش بەهۆی دوژمنکارییەکانی ڕوسیا و زیادبوونی هێزەکانیەوە لە دەوروبەری ئۆکرانیادا."

وابڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی کەنەدا مێڵەنی جۆڵی سەردانی ئۆکرانیا بکات و جەخت لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەروەری ئۆکرانیا و پتەوکردنی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بکاتەوە بۆ " بەرپەرچدانەوەی کردەوە دوژمنکارییەکانی ڕوسیا."

جۆڵی لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا دێنیس شمیگاڵدا کۆدەبێتەوە و دواتر گەشت دەکات بۆ ڕۆژئاوای وڵاتەکە و وتارێک پێشکەشی ئەو 200 سەربازە کەنەدییە دەکات کە لە ساڵی 2015 ەوە بۆ ئەرکێکی مەشق پێکردن لە ئۆکرانیادان.

ڕۆژی شەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ڕۆژی هەینی جێگری وەزیری دەرەوەی کەنەدا مارتا مۆرگان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان قسەیان کردووە و بەڵێنیانداوە بەردەوامی بە هاریکارییە نزیکەکانی نێوانیان بدەن بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنکاری زیاتری ڕوسیا دژی ئۆکرانیا، هەروەها داوایان لە ڕوسیا کردووە گرژییەکان کەم بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا قسەی کرد و " جەختی لەوە کردەوە هەر دوژمنکارییەکی سەربازیی بۆ ناو ئۆکرانیا دەرەنجامی قورسی لێدەکەوێتەوە، لەوانەش سەپاندنی سزا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG