سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ وتی وڵاتەکەی یارمەتی ئۆکرانیا دەدات کۆمەڵێک بژاردە بدۆزێتەوە لەسەر چۆنێتی هەناردەکردنی ئەو گەنمەی هەڵیگرتووە، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی قورساییەکانی سەر ئاسایشی خۆراکی جیهان کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لەو وڵاتەدا دروست بووە.
هەفتەی ڕابردوو بەرپرسێکی دەزگای خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی نزیکەی 25 ملیۆن تەن گەنم لە ئۆکرانیا گیریخواردووە، بەهۆی کێشەکانی ژێرخانی وڵاتەکە و گیرانی بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە لەلایەن ڕووسیاوە ناتوانرێت ئەو گەنمە هەناردەی دەرەوە بکرێت.
دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، لە مانگی سێدا نرخەکانی خۆراک بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبوونەوە، بەڵام لە مانگی چواردا نرخەکان بە ڕێژەیەکی کەم نزمبوونەوە. لە وەرزی 2020-21 دا ئۆکرانیا چوارەمین وڵات بوو لە ڕیزبەندی جیهاندا بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە و شەشەم وڵاتیش بوو لە هەناردەکردنی گەنمدا.
ترودۆ بە ڕۆیتەرزی وت " دەزانین بەهۆی کارەکانی ڕووسیاوە خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە."
وتی " ئێستا ئۆکرانیا گەنمی هەیە کە دەبێت هەناردەی دەرەوە بکرێت. دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی ڕووسیا کارێک نەکات ڕێگری لە هەناردەکردنی ئەو گەنمە بکات کە جیهان پێویستی پێیەتی."
لەلایەکی دیکەشەوە کیێڤ لە هەوڵی ئەوەدایە بەشێکی ڕووباری دانیوبی باشووری وڵاتەکە بەکاربهێنێت بۆ هەناردەکردنی گەنمەکەی بۆ دەرەوە.
ترودۆ وتی هەناردەکردن لەڕێی بەندەرەکانی ڕووباری دانیوبەوە دەکرێت بەشێک بێت لە چارەسەرەکە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا. وتیشی کۆمەڵێک بژاردە خراونەتەڕوو.
وتی " ئێمە تەنها لە هەوڵی ئەوەداین کێشەیەکی ڕاستەوخۆ چارەسەر بکەین."
وەزیری دەرەوەی کەنەدا میڵەنی جۆڵی وتی بیرۆکەی دۆزینەوەی کۆمەڵێک ڕێگە بۆ هەناردەکردنی گەنمەکەی ئۆکرانیا و هاریکاریی تورکیا لەو بارەیەوە زۆر گرنگ دەبێت.
جۆڵی وتی " کاردەکەین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی ڕێگەی جیاوازمان هەبێت بۆ هەناردەکردنی گەنمەکە. لەگەڵ کۆمەڵێک وڵاتدا کاردەکەین، بە تورکیاشەوە، وەکو دەزانین بۆسفۆر زۆر گرنگە بۆ چوونە ناو دەریای ڕەشەوە."
هاوکات کەنەدا بۆ ساڵی داهاتوو باجی گومرگ لەسەر سەرجەم ئەو شتومەکانەی ئۆکرانیا لادەبات هەناردەی کەنەدا دەکرێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ترودۆ: کەنەدا یارمەتی ئۆکرانیا دەدات لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئەو وڵاتە
