Accessibility links

کەنەدا سنوورەکانی بەڕووی بیانیەکاندا دادەخات


کەنەدا سنوورەکانی بەڕووی بیانیەکاندا داخست جگە لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی و دانیشتوانی هەمیشەیی وڵاتەکە، هەروەها سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەکە دەکات لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ترودۆ لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕێگە نادەین ئەو کەسانە بێنە ناو وڵاتەکەوە کە کەنەدی نین یاخود دانیشتووی هەمیشەیی وڵاتەکە نین." جێی ئاماژەیە خێزانەکەی ترودۆ توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و ئێستا ترودۆ خۆشی لە ماڵەکەیدا خۆی کەرەنتینە کردووە.

وتیشی " هەموو کەنەدییەکان پێویستە لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە."

ڕۆژی دووشەممە ژمارەی گیان لە دەستدانەکان لە کەنەدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرز بۆوە بۆ چوار کەس، لەکاتێکدا ڕۆژی یەکشەممە تەنها یەک کەس بوو.

کاربەدەستانی تەندروستی کەنەدا دەڵێن نزیکەی 350 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە.

جەستن ترودۆ وتی " لەکاتێکدا ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە، بڕیارماندا ڕێوشوێنی توند بگرینەبەر تاوەکو ئێوە و خێزانەکانتان پارێزراو بن." ئەوەشی خستەڕوو ئەم ڕێوشوێنانە کاریگەری لەسەر بازرگانی وڵاتەکە نابێت.

هەروەها وتیشی پێویستە کەنەدییەکان گەشت نەکەن و ئەو هاوڵاتیە کەنەدییانەشی کە لە دەرەوەی وڵاتن پێویستە بگەڕێنەوە، ئەوەشی خستەڕوو کەنەدا هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە ئاڕاستەی تەنها چوار فڕۆکەخانە دەکات، ئەوانیش تۆرۆنتۆ و کالگاری و مۆنتڕیاڵ و ڤانکوڤەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG