وەزارەتی ئاسایشی گشتی کەنەدا ڕایگەیاند گروپی " پڕاود بۆیز " کە پەیڕەوی باوەڕێکی فاشیسمی نوێ دەکەن لەگەڵ دوانزە گروپی دیکەدا دەخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەدا هاتووە دەڵێت گروپی " پڕاود بۆیز " کە ساڵی 2016 دامەزرا و لە ئێستادا بە وڵاتاندا بڵاوبۆتەوە بەتایبەتی لە ئەمەریکا و کەنەدا " ڕۆڵێکی سەرەکییان " هەبووە لە هەڵکوتانە سەر بینای کۆنگرێسی ئەمەریکا لە شەشی مانگی یەکدا لە واشنتن.
لە وەڵامیدا سەبارەت بەوەی کە ئایا گروپەکە " هەڕەشەیەکی جدیین لەسەر ئاسایشی کەنەدا "، وەزیری ئاسایشی گشتی کەنەدا بیڵ بلێر وتی " بەڵێ."
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بیڵ بلێر وتی " بەڵگە هەن لەسەر تێوەگلانی ئەم گروپە لە زیادبوونی کردەوە توندوتیژییەکاندا."
وتیشی " لە ساڵی 2016 ەوە بە نیگەرانیەکی زۆرەوە چاودێری چالاکییەکانی ئەم گروپە دەکەین."
هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی کەنەدا نوسراوێکی پەسەند کرد تیایدا داوای لە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە جەستن ترودۆ کرد گروپی " پڕاود بۆیز " لە کەنەدا قەدەغە بکات و وەکو " ڕێکخراوێکی تیرۆریستی " ناودێری بکات.
وەزارەتی ئاسایشی گشتی کەنەدا پێی وایە گروپی پڕاود بۆیز " ڕێکخراوێکن پەیڕەوی فاشیسمی نوێ و دەکەن و توندوتیژی سیاسیی ئەنجام دەدەن." هەروەها ئاماژەشی بەوەدا " بیروباوەڕی ئەندامەکانی گروپەکە دژ بە ئافرەت و ئیسلام و کۆچبەرانن و داوای باڵادەستی سپی پێستەکان دەکەن."
بەرپرسێکی حکومی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی گروپەکە بە هەزاران ئەندامیان لە ئەمەریکای باکوور هەیە و بە هەموو شارە گەورەکانی کەنەدادا بڵاوبوونەتەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس