Accessibility links

پۆلیسی کەنەدا ڕەوشی پایتەختی وڵاتەکە ئاسایی دەکاتەوە


دوای سێ هەفتە لە خۆپیشاندانەکان و دەستگرتن بەسەر ناوەڕاستی شاری ئۆتاوای پایتەختی کەنەدادا لەلایەن شۆفێرانی بارهەڵگرەکان و خۆپیشاندەرانەوە، ڕۆژی یەکشەممە پۆلیسی وڵاتەکە دوایین بارهەڵگرەکانی لە شارەکەدا دوورخستەوە و شەقامەکان ئارام بوونەتەوە.

سەرەتا خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی کەنەدا کرد فەرمانی وەرگرتنی ڤاکسین بە ناچاری هەڵبوەشێنێتەوە، کە بەسەر هەموو ئەو شۆفێرە بارهەڵگرانەدا سەپێندراوە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و بووە هۆی ناڕەزایی دەربڕین دژی حکومەت و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ.

پۆلیسی کەنەدا ماوەی دوو ڕۆژە هەوڵدەدات شەقامەکانی بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە لە بارهەڵگرەکان پاک بکاتەوە، لە کۆتاییدا توانییان خۆپیشاندەران و شۆفێرەکانی بارهەڵگرەکان لە ناوچەکە دووربخەنەوە.

ڕۆژی یەکشەممە پۆلیسی شارەکە لەڕێی دانانی خاڵی پشکنینەوە بە چواردەوری ناوەڕاستی شارەکەدا، ڕێگەیان نەدا خۆپیشاندەران بچنە ناوەوە، هاوکات ژمارەیەک لە هێزەکانی پۆلیس لە شوێنەکەدا مانەوە تاوەکو بەرگری لێبکەن و ڕێگە نەدەن شۆفێرەکانی بارهەڵگرەکان دووبارە شوێنەکە بگرنەوە.

پۆلیسی ئۆتاوا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا ناوەڕاستی شارەکە داخراوە و تەنها ئەو کەسانە بۆیان هەیە بچنە ناوی کە لەوێ دادەنیشن و کارەکانیان لەوێدایە.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە ڕۆژی هەینییەوە کاتێک هێزەکانیان چوونە شوێنەکەوە، 191 کەس دەستگیرکراون.

وتیشی تاوەکو ئێستا 57 ئوتومبێل دوورخراونەتەوە بۆ دەرەوەی شارەکە، هاوکات تیمەکانی پۆلیس خێمە و شوێنی خواردنەکان و پەناگە دروستکراوەکانی دیکەیان لابرد کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دروستکرابوون.

بۆ یەکەمین جار دوای سێ هەفتە، دانیشتوانی شاری ئۆتاوا بە دەنگی هۆڕنی بارهەڵگرەکان خەبەرییان نەبۆوە کە ئەو هۆڕن لێدانە ببووە مۆری خۆپیشاندانەکان.

سەرەڕای ئەوەی ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەنەدا کەمکراونەتەوە و ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوونیش بە ڤایرۆسەکە لە کەمبوونەوەدایە، خۆپیشاندەران بەڵێنیاندا بەردەوام بن لە فشارەکانیان تاوەکو سەرجەم ڕێوشوێنەکان لادەبرێن.

ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەنەدا یەکێک بوون لە توندترین ڕێوشوێنەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG