Accessibility links

کەنەدا دژایەتی بەکارهێنانی بۆمبی کۆکراوە دەکات


کەنەدا ڕایگەیاند وڵاتەکە دژایەتی بەکارهێنانی ئەو بۆمبە کۆکراوانە دەکات کە واشنتن بەڵێنیداوە بیدات بە ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتییان بدات لە هێرشە پێچەوانەکەیاندا دژی هێزەکانی ڕووسیا، جەختی لە پابەندبوونی ئۆتاوا کردەوە بە ڕێککەوتنەکەی ئۆسلۆوە کە تێیدا بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکە قەدەغە دەکات.

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا ڕایگەیاند وەکو بەشێک لە یارمەتییە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کە بەهاکەی دەگاتە 800 ملیۆن دۆلار، واشنتن بۆمبی کۆکراوە دەدات بە ئۆکرانیا. تاوەکو ئێستا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەمەریکا بە بڕی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە.

ئۆکرانیا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد و وتی ئەوە یارمەتیدەر دەبێت لە ئازادکردنی ناوچەکانی ئۆکرانیادا. بەڵام بەڵێنیدا ئەو جۆرە بۆمبانە لە ڕووسیا بەکارنەهێنێت.

بۆمبی کۆکراوە کاتێک دەتەقێندرێت، چەندین بۆمبی بچووکی لێدەبێتەوە و بە ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاودەبنەوە و ئەو بۆمبە بچووکانەشی کە ناتەقنەوە دوای دەیان ساڵ لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەوە هێشتا هەر مەترسییان دەبێت.

حکومەتی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێمە پشتگیری لە بەکارهێنانی بۆمبی کۆکراوە ناکەین و پابەندین بە کۆتایی هێنان بە کاریگەرییەکانی تەقەمەنی کۆکراوەوە لەسەر هاووڵاتییانی سڤیل، بە تایبەتی منداڵان."

هەریەک لە ئەڵمانیا و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناڕەزاییان دەربڕیوە دژی ڕەوانەکردنی بۆمبی کۆکراوە بۆ ئۆکرانیا.

بەپێی پەیماننامەی بۆمبی کۆکراوە کە لە ساڵی 2008 دا لە ئۆسلۆ زیاتر لە 100 وڵات واژۆیان کردووە، بۆمبەکان قەدەغەکراون. ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئەمەریکا پەیماننامەکەیان واژۆ نەکردووە، بەپێی پەیماننامەکە، بەرهەمهێنان و کۆکردنەوە و گواستنەوەی ئەو جۆرە چەکە قەدەغە کراوە.

حکومەتی فیدڕاڵی کەنەدا وتی " کەنەدا بە تەواوەتی پابەندە بە پەیماننامەکەوە و بەرپرسیارێتییەکانمان بەپێی پەیماننامەکە بە جددی وەردەگرین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG