Accessibility links

کەنەدا کردەوەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە " کۆمەڵکوژی " دەناسێنێت


سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ
سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ

پەرلەمانی کەنەدا بە زۆرینەی دەنگ هێرشەکانی ڕووسیایان بۆ سەر ئۆکرانیا بە " کۆمەڵکوژی " ناساند، ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا دەڵێن " بەڵگەی زۆر هەن لەسەر ئەنجامدانی تاوانی گەورەی جەنگ دژی مرۆڤایەتی " لەلایەن ڕووسیاوە.

پەرلەمانی کەنەدا وتی ئەو تاوانانەی جەنگ کە لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجامدراون بریتین لە ئەنجامدانی کردەوەی دڕندانە، کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی ڕێکخراو، پیسکردنی تەرمەکان، ناچارکردنی گواستنەوەی منداڵانی ئۆکرانی، ئەشکەنجەدان، زیانی جەستەیی، زیانی دەروونی و لاقەکردن.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ وتی ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی زیاتر دێن و وەکو کۆمەڵکوژی باس لە کردەوەکانی ڕووسیا دەکەن لە ئۆکرانیا و " ئەوەش بەدڵنیاییەوە ڕاستە." ڕۆژێک پێش ئەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە هەمان شێوە ڕووسیای بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە ئۆکرانیا تۆمەتبارکرد.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیای کردبێتە ئامانج و داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات، هەروەها دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکەی پێویست بووە چونکە ئەمەریکا ئۆکرانیای بۆ هەڕەشەکردن لە ڕووسیا بەکارهێناوە. ڕووسیا لەبەرامبەردا ئۆکرانیای بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی ئەو هاوڵاتیە ئۆکرانیانە تۆمەتبار کردووە کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن، ئۆکرانیاش دەڵێت ئەو تۆمەتە بێ مانایە.

کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە. ڕۆژی چوارشەممە کەنەدا سزای بەسەر 203 کەسی دیکەدا سەپاند و وتی بەشدارن لە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ لەخۆگرتنی چەند بەشێکی دیاریکراوی هەرێمی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG