بۆ دوا جار و له پاش نزیکه‌ی ده ساڵ له‌و هێرشه تێرۆرکاریانهی له یازده‌ی سه‌پتێمبه‌ری ساڵی دوو هه‌زار و یه‌کدا کرانه سه‌ر وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، پاش کوژرانی هه‌زاران که‌س به موسڵمانانیشه‌وه به‌ده‌ستی تێرۆرکارانی ئه‌لقاعیده ، ڕۆژی یه‌کی ئه‌م مانگه بوو ، سه‌رۆکی ئه‌و تۆڕه تێرۆرکاریهی ئه‌لقاعیده له ئۆپه‌راسیۆنێکی له‌شکریی ئه‌مریکادا له وڵاتی پاکستان کوژرا.
وه‌ک چۆن کوژرانه‌که‌ی ئوسامه بن لادن ، کۆمه‌ڵێک پرسیاری به‌بێ وه‌ڵام هێشتنه‌وه ، ئاواش بووه مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵێک پرسیاری تر. یه‌کێک له‌و پرسیارانه ئه‌وه‌یه ئایا بن لادن ته‌نها سه‌رکرده‌یه‌کی سیمبۆڵی ئه‌لقاعیده بووه یان به پێچه‌وانه‌وه ، کرۆک و نێوه‌ندی ته‌واوی بڕیاره‌کانی ئه‌م تۆڕه بووه ؟ بۆیه پرسیار له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوونی ئه‌م تۆڕه تێرۆر کاریه زۆرن ، ئایا ده‌توانێت به‌رده‌وامی به جم و جۆڵه‌کانی بدات؟ ئایا کوژرانی بن لادن جیاوازی و ناکۆکیه‌کانی نێوان جه‌مسه‌ره‌کانی ئه‌م تۆڕه تێرۆریستیه زیاد ده‌کات یان په‌رده پۆش ده‌کرێن؟
ئه‌لقاعیده له کۆتایی ساڵانی 1988 و سه‌ره‌تای ساڵی 1989 ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له سه‌ر بنچینه‌ی توندڕه‌وی ئاینی دامه‌زرا ، له ڕوانینێکی ئیسلامی ڕادیکاڵی سیاسیه‌وه ده‌ستی کرد به دانانی ستراتیژیه‌تی کارکردنی .
ئه‌لقاعیده هه‌رگیز دوو دڵ نه‌بوه له گرتنه‌به‌ری هه‌ر ههنگاوێکی دژایه‌تی کردن و شه‌ڕانگێزی بۆ سه‌پاندنی خۆی له هه‌ر وڵاتێکی جیهاندا گه‌ر بۆی لوابێت، ته‌نزانیا ، کینیا ، عێراق، یه‌مه‌ن، ئیندۆنیسیا ، فلیپین ، ئه‌فغانستان، پاکستان، ئه‌مریکا، به‌ریتانیا ، ئیسپانیا و زۆر شوێنی تریش.
ده‌شێت گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتی ئه‌لقاعیده له‌و فه‌رهه‌نگه شه‌ڕانگێزیه‌ی هه‌یبووه ، دروێنه‌کردنی ژیانی هه‌زاران خه‌ڵکی بێ‌تاوان بووبێت و هه‌روه‌هاش ناشیرین کردنی ڕه‌هه‌نده‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی ئیسلامیانه بووبێت.
هه‌رچه‌نده ده‌گوترێت ئیسلامی سیاسی دوو به‌ره‌یه ، به‌ره‌یه‌کیان میانڕه‌و و ئه‌وی تریشیان توندڕه‌و ، یه‌که‌میان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ته‌حریم و دووه‌میشیان له‌سه‌ر بنه‌مای جیهاد کار ده‌که‌ن ، به‌ڵام که‌م نین ئه‌وانه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا باس له‌وه ده‌که‌ن هه‌ردوو جۆره‌که دوو دیوی دراوێکن.
ئه‌م جۆره ڕوانینه‌ش بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌ی بگوترێت ئه‌رێ کامیان له خزمه‌ت ئه‌وی تریاندایه ، یان کام یه‌کێ له‌و دوو ڕه‌هه‌نده ئیسلامگه‌راییه زیانی له‌وی تر داوه؟
وا بن لادن کوژرا ، هه‌ر له‌م ده ساڵه‌ی ڕابردوودا گورزی گه‌وره له به‌ره‌ی ئیسلامی توندڕه‌و وه‌شێنرا ، ئه‌ی بۆ له‌مه‌ودوا؟؟ ئایا ئیسلامی سیاسی خۆی به خۆیدا ده‌چێته‌وه تا له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی نوێی سیاسی‌دا خۆی رێکبخاته‌وه ؟ یان ئه‌و که‌لێنانه به‌شێوه‌یه‌کی مۆدێرنانه که‌له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی نوێی جیهانیدا بگونجێت پڕ ده‌کرێنه‌وه تا زه‌مینه‌کانی کارکردنی توندڕه‌ویی ئاینی بنه‌بڕ بکرێن؟
که‌واته جێی خۆیه‌تی بپرسین ئه‌م هه‌نگاوانه له ئه‌ستۆی کێیه؟؟
ئازیزانم بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و پرسیاره‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش له به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆندا میوانداری هه‌ر یه‌ک له‌م به‌ڕێزانه کراوه
ئیبراهیم ساڵح ، به‌رپرسی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان له وڵاتی به‌ریتانیا .
ڕۆژنامه‌وان خالید سلێمان سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری هه‌فتانه له هه‌رێمی کوردستانی عێراق.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتن بن که ماوه‌که‌ی 48:47 خوله‌که.