Accessibility links

ئاگرەکەی ستانی کالیفۆرنیا بەردەوامە


کاربەدەستانی ئاگرکوژێنەوە لە ستانی کالیفۆرنیا سەنگییان خستۆتە سەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاگرەی لە باکوری ڕۆژئاوای شاری لۆس ئەنجلز کەوتۆتەوە کە بە یەکێک لە هەرە گەورەترین و وێرانکارترین ئاگرکەوتنەوەکانی میژووی ستانی کالیفۆرنیا دادەنرێت.

لەوەتای هەفتەی ڕابردووەوە کە ئەم ئاگرە کەوتۆتەوە تا ئێستا 930 کیلۆمەتر دووجای گرتۆتەوە و 800 باڵەخانە و خانوبەرەی وێران کردووە لە ناوچەی سانتا باربارا.

دەسەڵاتداران دەڵێن توانراوە تەنها 10% ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و هەروەهاش ئاگرکوژێنەوەکان دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە لە ئاسمانیشەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاورەکە بدەن، بەڵام دەشڵێن هێشتا مەترسییەکان هەر ماون بەهۆی ئەو با بەهێزەی هەیە و شیانی پەرەسەندنی زیاتری ئاورەکە.

کاربەدەستانی ئاگورکوژێنەوە ئاماژەیان بەوە کردووە زۆر سەختە لە هەندێک لە ناوچەکانی شاری لۆس ئەنجلز بتوانرێت بەرەنگاری ئاورەکە ببنەوە.

تا ئێستا زیاتر لە 5700 کەس بەشدارییان کردووە لە هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە باشوری ستانەکەدا.

دەسەڵاتداران دەڵێن دەستە و تاقمەکانی ئاورکوژێنەوە لە زۆرێک لە ناوچەکاندا توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام هێشتاش کاری زیاتر ماوە بکرێت.

بەهۆی ئەم ئاگرکەتنەوەیە زیاتر لە 200 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و هەتا دێت و ژمارەکە زیاتر دەبێت.

XS
SM
MD
LG