Accessibility links

بەهۆی تەقەکردنێکەوە لە ماڵێکدا لە کالیفۆرنیا 6 کەس گیانیان لە دەستداوە


مایک بۆردۆ
مایک بۆردۆ

بەرپرسانی کالیفۆرنیا دەڵێن بەهۆی ڕووداوی تەقەکردنێکەوە لە ماڵێکدا لە کالیفۆرنیا شەش کەس گیانیان لە دەستداوە، کۆرپەیەکی تەمەن 6 مانگ و دایکە تەمەن 17 ساڵەکەی لە نێو کوژراوەکاندا بوون، دەشڵێن تەقەکردنەکە هێرشێکی بە ئامانج و " کۆمەڵکوژییەکی ترسناک " بووە.

سەرۆکی پۆلیسی شارۆچکەی تولار مایک بۆردۆ کوشتنەکانی بەستەوە بە بازرگانی نایاسایی دەرمانەوە، وتی ئەفسەرانی پۆلیس هەفتەی ڕابردوو هەمان ئەو ماڵەیان پشکنیوە بۆ دەرمان.

بۆردۆ لە شوێنی تەقەکردنەکەدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " باوەڕمان وایە ئەمە پەیامێک بووە و نێردرا. باوەڕمان وایە ئەم خێزانە کراونەتە ئامانج."

وتیشی دوو گومانلێکراوەکە هێشتا نەدۆزراونەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە دوای ئەوەی چەند تەقەیەک بیستراوە پۆلیس بەرەو شوێنەکە ڕۆیشتووە. هەندێک لە قوربانییەکان لەسەر شەقامەکە دۆزراونەتەوە و هەندێکی دیکەیان لە ماڵەکەدا دۆزراونەتەوە.

بۆردۆ وتی کاتێک پۆلیس گەیشتۆتە ماڵەکە یەکێک لە قوربانییەکان نەمردبوو، بەڵام بریندار بوو و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.

هێرشەکان لە گۆشین ڕوویانداوە، ناوچەیەکی جووتیارییە و 5,400 کەسی تیادا دەژی، دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕێگای نێوان لۆس ئانجلس و سان فرانسیسکۆوە.

بۆردۆ دواتر بە ڕۆژنامەی لۆس ئانجلس تایمزی وت لاشەی کۆرپەیەک و دایکە 17 ساڵەکەی لە چاڵێکی دەرەوەی ماڵەکەدا دۆزراونەتەوە. هەردووکیان شوێنی فیشەک بە سەریانەوە بووە.

هەندێکی دیکەش لە قوربانییەکان شوێنی فیشەک بە سەرییانەوە بووە، یەکێکیان ئافرەتێکی بە تەمەن بووە. دوو ئافرەت ڕزگارییان بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خۆیان حەشارداوە.

بۆردۆ بە ڕۆژنامەکەی وت " پێم وایە ئەمە پەیوەندی بە کارتێڵەکانەوە هەیە. ئاستی ئەو توندوتیژییە... ئەمە کاری ئەندامێکی لاوازی گروپێکی چەتە نەبووە."

وتی " ئەگەر بە دیاریکراوی فیشەک بنێن بە سەری هەمووانەوە، ئەوا دەزانن چی دەکەن، هەروەها ئاسوودەشن بەو کارەی کە دەیکەن."

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا هەفتەی ڕابردوو پۆلیس لە میانەی پشکنینی ئەو ماڵەدا کەسێکیان دەستگیر کردووە و چەک و ماریوانا و مێثامفیتامینیان دۆزیوەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG