Accessibility links

زانایانی یەکێتی ئەوروپا: 2021 پێنجەمین گەرمترین ساڵ بووە


پێوانی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن ساڵی 2021 یەکێک بووە لە گەرمترین ساڵەکان لە تۆماری گەرمترین ساڵەکاندا، حەوت ساڵی ڕابردووش لە گەرمترین ساڵەکان بوون لە سەرانسەری جیهاندا.

دەزگای گۆڕانی کەش و هەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت بەپێی تۆمارەکان کە بەروارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1850، ساڵی ڕابردوو پێنجەمین گەرمترین ساڵ بووە. دەڵێت تێکڕای پلەکانی گەرما لە سەرانسەری جیهاندا لە ساڵی 2021 دا 1.1 بۆ 1.2 پلەی سیلیزی گەرمتر بووە لە ماوەی ساڵەکانی نێوان 1850 ەوە بۆ 1900.

بەپێی دەزگاکە، گەرمترین ساڵەکان لە تۆمارەکاندا ساڵی 2020 و ساڵی 2016 بوون.

دەزگای گۆڕانی کەش و هەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا چاودێری پلەکانی گەرما و ئاماژەکانی دیکەی کەش و هەوا دەکات لە سەرانسەری جیهاندا، دەڵێت ساڵی ڕابردوو ئاستی دوانۆکسیدی کاربۆن و میثان لە کەشدا بەردەوامبوون لە بەرزبوونەوە، بەرزبوونەوەکەیان گەیشتۆتە ئاستێکی پێوانەیی.

دەزگاکە دەشڵێت هاوینی ساڵی 2021 گەرمترین هاوین بووە لە ئەوروپادا. دوابەدوای سەرمایەکی نائاسایی مانگی چوار هاتووە کە بووە هۆی لەناوبردنی خەرمانی میوەکان لە هەندێک وڵاتدا، لەوانەش فەڕەنسا و هەنگاریا.

زانایان دەڵێن بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی ئەوەی هەوا شێی زیاتر هەڵبمژێت و ئەوەش دەبێتە هۆی باران بارینێکی زۆر، ساڵی ڕابردوو لافاو لە کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپا دروستبوو، لەوانەش ئەڵمانیا و بەلجیکا و هۆڵەندا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG