Accessibility links

پاسێک لە ئیسپانیا کەوتە ڕووبارێکەوە و بەهۆیەوە 5 کەس گیانیان لە دەستدا


بەرپرسانی ئیسپانیا دەڵێن پاسێک کە بەسەر پردێکی هەرێمی گالیسیای باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا تێپەڕدەبوو، کەوتۆتە ناو ڕووبارێکەوە و لە ئەنجامدا 5 کەس گیانییان لە دەستداوە.

ڕووداوەکە شەوی شەممە لە نزیک شاری ڤیگۆ و سنووری ئیسپانیا لەگەڵ پورتوگالدا ڕوویداوە. ڕۆژنامەی لا ڤۆز دی گالیسیای هەرێمەکە بڵاویکردەوە سەرنیشینانی پاسەکە لە ڕێگایاندا بوون بۆ سەردانیکردنی خزمانییان لە زیندان لە مۆنتێرۆسۆی ناوەڕاستی گالیسیا.

دوو کەس بە شۆفێرەکەشەوە کە تەمەنی لە شەستەکاندایە ڕزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

وتەبێژی پاسەوانی شارستانی وتی 2 کاتژمێر دوای ڕووداوەکە تیمەکانی فریاکەوتن 2 تەرمییان دۆزیوەتەوە و دواتریش ڕۆژی یەکشەممە 3 تەرمی دیکەیان دۆزیوەتەوە.

بەرپرسان پێیان وایە 8 یاخود 9 کەس لە پاسەکەدا بووبن.

بەرپرسان دەڵێن سەرەتا ماتۆڕسوارێک هەستی بە ڕووداوێک کردووە کاتێک بینیویەتی پەرژینی پردەکە زیانی بەرکەوتووە. دواتر تیمەکانی فریاکەوتن تەلەفونێکییان لە پاسەکەوە بۆ هاتووە و بەوشێوەیە توانیویانە بیدۆزنەوە.

بەرپرسان دەڵێن تاوەکو ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە نەزاندراوە بەڵام خراپی کەش و هەوا ڕەنگە هۆکارێک بووبێت. شەوی شەممە تیمەکانی فریاکەوتن بەهۆی خراپی کەش و هەوا و بارانەوە نەیانتوانیوە بەردەوامی بە گەڕانەکانیان بدەن و دواتر ڕۆژی یەکشەممە دەستیان کردۆتەوە بە کارەکانیان.

سەرۆکی هەرێمی گالیسیا ئەلفۆنسۆ ڕویدا وتی " هێشتا بە دڵنیاییەوە نازانین هۆکارەکان چی بوون، بەڵام ئەوە ڕاستە کە کەش و هەوا لەو شەوەدا زۆر خراپ بووە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG