پۆلیسی بولگاریا 43 کۆچبەری لە ناو ڤانێکدا لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە دۆزیوەتەوە، کۆچبەرەکان لە ڤانەکەدا خۆیان حەشارداوە و 10 منداڵییان تێدا بووە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی بەرپرسانی بولگاریا لاشەی 18 کۆچبەرییان لە بارهەڵگرێکی داردا دۆزییەوە.
لێکۆڵەر ناتالیا نیکۆلۆڤا گوتی وادەرکەوتووە 43 کۆچبەرەکە تەندروستییان باش بێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەموویان لە شوێنێکی تەسکدا مابوونەوە. بەڵام ئاماژەی بە ناسنامەی کۆچبەرەکان نەدا.
هەفتەی ڕابردوو پۆلیسی بولگاریا لاشەی 18 کۆچبەری لە ناو بەشێکی نهێنی بارێکی داردا لەسەر بارهەڵگرێکی جێهێڵدراو لە نزیک سۆفیای پایتەختی بولگاریا دۆزییەوە. 34 کۆچبەری دیکە لە بارهەڵگرەکەدا ڕزگارییان بوو، بەڵام وشک ببوونەوە و بارودۆخییان خراپ بوو. بەرپرسانی بولگاریا وتیان سەرجەم کۆچبەرەکان ئەفغانی بوون و لە تورکیاوە هاتبوون و ویستوویانە بگەنە ڕۆژئاوای ئەوروپا.
بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی نیشتیمانی بولگاریا بۆریسلاڤ سارافۆڤ وتی ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردوو کوشندەترین ڕووداوی کۆچبەران بووە لە وڵاتەکەدا. وتی خەڵکەکە بەیەکداچووبوون و ئەوەش بووەتە هۆکاری " مردنیان بە هێواشی و بە ئازارەوە." وتیشی ڕووداوەکە " کارەساتێکی گەورەی مرۆییە."
گوتیشی کۆچبەرەکان 10-12 کاتژمێر پێش دۆزینەوەی بارهەڵگرەکە گیانیان لە دەستداوە، قاچاغچییەکانیش هەڵاتوون دوای ئەوەی تێبینی مردنی کۆچبەرەکانیان کردووە.
بولگاریا وڵاتێکی باڵکانە و 7 ملیۆن دانیشتووی هەیە و هەژارترین وڵاتی ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپادا، دەکەوێتە سەر ڕێگایەکی سەرەکی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانەوە هەوڵدەدەن لە تورکیاوە بێنە ناو ئەوروپاوە. زۆربەیان لە گەشتەکانیاندا بۆ ڕۆژئاوای ئەوروپا بولگاریا وەکو ڕێڕەوێکی پەڕینەوە بەکاردەهێنن.
سەرچاوە/ AP