Accessibility links

پۆلیسی بولگاریا 18 کۆچبەری ئەفغانی لە بارهەڵگرێکی جێهێڵراودا بەمردوویی دۆزییەوە


پۆلیسی بولگاریا ڕایانگەیاند، ڕۆژی هەینی تەرمی 18 کۆچبەری کوژراوی ئەفغانستانیان دۆزیوەتەوە کە لە نێویاندا تەرمی منداڵێک لەناو بارهەڵگرێکی جێهێڵراودابوو لە نزیک سۆفیای پایتەخت.

وەزارەتی ناوخۆی بۆلگاریا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بارهەڵگرەکە دارەکانی گواستۆتەوە و کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نزیک گوندی لۆکۆرسکۆ دۆزراوەتەوە.

بۆریسلاڤ سارافۆڤ، سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی نیشتمانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بەشێک لە کۆچبەرەکان خنکاون.

ناوبراو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ئەو کۆچبەرانە بە شێوەیەکی نایاسایی سنووریان لەگەڵ تورکیای دراوسێدا بەزاندووە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دارستانەکاندا خۆیان حەشارداوە، دواتر لە نزیک شاری یامبۆل لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بولگاریا چونەتە ناو بارهەڵگرەکە.

ئاسن مێژیدیێڤ، وەزیری تەندروستیی سۆفیا ڕایگەیاند، سی و چوار کۆچبەر کە پێنج منداڵیان تێدایە، بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سۆفیا کران و هەندێکیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

ئاتاناس ئیلکۆڤ، بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی بولگاریا ڕایگەیاندووە، یەکێک لەو چوار کەسەی دەستبەسەرکراون، پێشتر بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک بەڵگەی پێویست هەبووە تۆمەتەکان دەخرێنە پاڵ.

بولگاریا لەسەر ڕێگایەک هەڵکەوتووە کە کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا بەکاریدەهێنن.

زۆربەیان لەو وڵاتە نامێننەوە، بەڵکو چاویان لەوەیە بچنە وڵاتانی دەوڵەمەندتر لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، زۆرجار تۆڕە وردەکانی قاچاخچییەکان بەکاردەهێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG