Accessibility links

بولگاریا 70 دیپلۆماتکاری ڕووسی دەردەکات


سەرۆک وەزیری بولگاریا کیریل پێتکۆڤ
سەرۆک وەزیری بولگاریا کیریل پێتکۆڤ

بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانیانەوە لە کردەوە سیخوڕییەکان، بولگاریا ڕایگەیاند 70 کارمەندی دیبلۆماتکاری ڕووسی لە وڵاتەکەی دەردەکات.

بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا و سەرۆک وەزیری وڵاتەکەوە ڕاگەیەندرا، هەروەها لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نوێترین هەنگاوی دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسییەکانە لەلایەن بولگاریاوە.

سەرچاوەیەکی نەناسراو بە دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیای وت مۆسکۆ کە لە مانگی چواردا هەناردەکردنی گازی بۆ بولگاریا ڕاگرت، وەڵامی بڕیارەکەی بولگاریا دەداتەوە. لە مانگی چواردا ڕووسیا گازەکەی لە بولگاریا بڕی، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە بولگاریا ڕەتی کردەوە پارەی گازەکە بە دراوی ڕوبڵی ڕووسی بدات.

سەرۆک وەزیری بولگاریا کیریل پێتکۆڤ وتی " ئەمڕۆ 70 دیبلۆماتکاری ڕووسیمان دەرکرد، زۆرێکیان ڕاستەوخۆ کارییان بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان کردووە و کارە دیبلۆماتییەکەیان وەکو داپۆشینێک وابووە."

وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا وتی بڕیاری دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسییەکان مەبەست لێی بۆ یەکسان کردنەوەی ژمارەی دیبلۆماتکارانی ڕووسیا بووە لەگەڵ ژمارەی دیبلۆماتکارانی بولگاریا لە مۆسکۆ، وتیشی وەکو وەڵامێکیش بووە بۆ " کۆمەڵێک چالاکی کە گونجاو نەبوون لەگەڵ ڕێککەوتننامەکانی ڤییەنادا لەسەر پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان."

ڕووسیا تاوەکو ئێستا لێدوانی نەداوە لەسەر تۆمەتەکانی سیخوڕیکردن لە بولگاریا.

پێتکۆڤ بەشێوەیەکی نائاسایی هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر ڕووسیا گرتووە، لە ماوەی سەردەمی کۆمەنیستدا بولگاریا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕووسیادا هەبووە و گەشتیارانی ڕووسی هەمیشە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.

پێتکۆڤ پشتیوانی لە سزاکانی یەکێتی ئەوروپاش کردووە دژی ڕووسیا، ڕێکەوتووە لەسەر چاککردنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکانی ئۆکرانیا، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕاستەوخۆ چەکی نەناردووە بۆ ئۆکرانیا.

پێتکۆڤ سەبارەت بە دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسییەکان وتی " ئەمە دوژمنکاری نیە دژی گەلی ڕووسیا، کاتێک حکومەتە بیانییەکان هەوڵی دەستوەردان دەدەن لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەماندا، دامەزراوەمان هەیە کە وەڵام دەدەنەوە."

گوتیشی" پێشبینی دەکەین ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکەیەک بە 70 سەرنشینەوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێبکەوێت."

وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا گوتی بەشێوەیەکی کاتی ئەرکە دیبلۆماتیەکەی لە شاری ئیکاتێرینبێرگی ڕووسیا ڕادەگرێت و پێشبینی دەکات ڕووسیاش بە هەمان شێوە ئەرکە دیبلۆماتییەکانی لە بولگاریا ڕابگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG