Accessibility links

واشنتن هیوادارە قەشە ئەمەریکیە زیندانیکراوەکە لە تورکی ئازاد بکرێت


بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا هیوای خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئازادکردنی قەشە ئەمەریکیە زیندانیکراوەکە ئاندرو برانسن، ڕۆژی هەینی لە تورکیا دادگایی دەکرێت. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئاگای لە هیچ ڕێکەوتنێک نیە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا بۆ ئازادکردنی قەشەکە.

وێستگەی ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە ئەمەریکا و تورکیا گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک و بەپێی ئەو ڕێکەوتنە برانسن ئازاد دەکرێت و تۆمەتەکانی لەسەر لادەبرێن.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس بە ڕۆژنامەنووسانی وت هیچ ڕێکەوتنێک نیە بەڵام هیوادارە برانسن ئازاد بکرێت.

وتی " هیوامان بە ڕێوشوێنەکانی دادگا هەیە، هیوامان وایە تورکیا ئەم پیاوە باشە ئازاد بکات کە هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە و چەند ساڵێکە بەبێ هۆ زیندان کراوە."

پێنس وتی " سەرۆک ترامپ و بەڕێوبەرایەتییەکەمان ڕوونمان کردۆتەوە کە سوور دەبین لەسەر هەڵوێستمان تاوەکو قەشە برانسن ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا لەگەڵ خێزانەکەی و کڵێساکەی یەکدەگرنەوە."

وابڕیارە ئەمڕۆ قەشە برانسن دادگایی بکرێت و دوو شایەتحاڵی نوێ لەوێ دەبن کە ئاشکرا نەکراوە کێن بەڵام پارێزەرەکەی برانسن وتی شایەتییەکەیان زۆر پەیوەندییەکی بەهێزی نیە بە دۆسییەکەوە.

ئێن بی سی لە زاری کۆمەڵێک سەرچاوەوە بڵاویکردەوە کە بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمەریکا و تورکیا کە لەمدواییانەدا پێی گەیشتوون، پێویستە برانسن ئازاد بکرێت و هەموو تۆمەتەکانی لە میانەی دادگاییکردنەکەیدا لەسەر لاببرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG