Accessibility links

بەهۆی ئاگرکەوتنێکەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری نیویۆرک 19 کەس گیانیان لەدەستدا


نیویۆرک، بڕۆنکس
نیویۆرک، بڕۆنکس

بەرپرسانی شاری نیویۆرک و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ وتیان بەهۆی ئاگرکەوتنێکەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە بڕۆنکس لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا 19 کەس گیانیان لەدەستدا و نۆ منداڵیشیان تێدابوو.

سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک ئێریک ئادامس گیان لەدەستدانی 19 کەسی بەهۆی ئاگرەکەوە پشتڕاستکردەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی شارەکە وتیان 32 کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و برینەکانیان سەختە، بە گشتی 60 کەس برینداربوون.

ئادامس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن وتی " لە ئێستادا 19 حاڵەتی گیان لەدەستدانمان هەیە کە پشتڕاستکراونەتەوە و هەندێکی دیکەش بارودۆخیان لە مەترسیدایە."

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتی نۆ منداڵ لەنێو ئەوانەدا بوون کە بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

کۆمسیاری بەشی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە دانیێڵ نیگرۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت نزیکەی 200 کارمەندی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە یارمەتیدەر بوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.

بەرپرسان وتیان ئاگرەکە بەهۆی لەکارکەوتنی هیتەرێکەوە بووە لە نهۆمی دوو و سێی باڵەخانەکە و گەیشتۆتە ڕاڕەوەکەش.

نیگرۆ وتی " تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە سەرجەم نهۆمەکاندا قوربانیەکانیان دۆزیوەتەوە."

نیگرۆ وتی دوکەڵی ئاگرەکە بە سەرجەم نهۆمەکانی باڵەخانەکەدا بڵاوببۆوە، لەوانەیە بەهۆی ئەوە بووبێت کە دەرگای ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێکەوتۆتەوە کراوە بووبێت و قوربانیەکانیش دوکەڵێکی زۆریان هەڵمژیوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG