Accessibility links

دوو هاووڵاتی بەڕیتانیایی لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیر دەکرێن

بەپێی وتەی کچەکەیان، دوو هاووڵاتی بە تەمەنی بەڕیتانیایی لەلایەن تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان دەستگیرکراون، هەروەها داواشی لە دیبلۆماتکارانی بەڕیتانیایی کرد " هەرچی لە دەسەڵاتییاندا بێت ئەنجامی بدەن " بۆ ڕزگارکردنییان.

پیتەر و باربی ڕینۆڵدز، کە تەمەنییان لە حەفتاکانییاندایە، ماوەی 18 ساڵە لە ئەفغانستان بەڕێوبەرایەتی پڕۆگرامەکانی مەشقی قوتابخانەکان دەکەن.

کچەکەیان، سارا ئینتویستڵ و سێ براکەی دیکەی، سەرەتا بڕیاریاندابوو بە بەرپرسانی بەڕیتانیا نەڵێن، بە هیوای ئەوەی " ڕاستەوخۆ تاڵیبان ڕوونکردنەوەیەکییان بداتێ لەسەر ئەوەی بۆچی دایک و باوکییان دەستگیرکردوون."

سارا وتی " بەڵام دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە بێدەنگی، ناتوانین چیتر چاوەڕێ بکەین. ئێستا بەپەلە داوا لە کونسوڵخانەی بەڕیتانیا دەکەین هەرچی لە دەسەڵاتیدایە ئەنجامی بدات بۆ ئەوەی وەڵامێکمان دەست بکەوێت و فشاری تەواو بخەنە سەر تاڵیبان تاوەکو ئازادییان بکات."

بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبان و وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا لێدوانییان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

ڕینۆڵدزەکان، کە لە ساڵی 1970 دا لە کابوڵ هاوسەرگیرییان کردووە، لە ئەفغانستان مانەوە دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە و باڵیۆزخانەی بەڕیتانیا لەو وڵاتەدا کارمەندەکانی کشاندەوە.

ڕۆژنامەی سەندەی تایمز دەڵێت دەستگیرکردنەکە وادیارە بەهۆی ئەوەوە بووە کە وانەیان وتووەتەوە بە دایکانی سەروو تەمەن 30 ساڵ لەسەر تواناکانی دایکایەتی.

سارا بە ڕۆژنامەکەی وت " دایکم 75 ساڵە و باوکیشم خەریکە دەبێتە 80 ساڵ و پێویستی بە دەرمانەکانی دڵییەتی دوای ئەوەی کە دووچاری نیوە جەڵتەیەک بووە."

وتی " ئەوان هەوڵییاندوە یارمەتی ئەو وڵاتە بدەن کە خۆشییان ویستووە. ئەوەی کە دەستگیرکراون لەسەر ئەوەی دایکانییان فێر کردووە زۆر بێزارەکەرە."

سارا و سێ براکەی لە نامەیەکی کراوەدا بۆ بەرپرسانی تاڵیبان کە ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە نوسیویانە " هۆکارەکانی پشت دەستگیرکردنییان نازانین. دایک و باوکمان بەردەوام پابەندبوونی خۆیان بە ئەفغانستانەوە دەربڕیوە."

دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لە ساڵی 2021 دا، تاڵیبان دەستیکرد بە سەپاندنی لە یاسای توندی ئیسلامی، سەرەڕای بەڵێنەکانییان لەسەر ئەوەی کە ناگەڕێنەوە سەر دڕندەیی فەرمانڕەواییەکەیان لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا.

لەو کاتەوە تاڵیبان کۆمەڵێک کۆتوبەندی سەپاندووە بەسەر ژنان و کچاندا، ڕێگری لە خوێندنی کچانی سەروو تەمەن 12 ساڵ کردووە و ژنانییان لە ژیانی گشتی و کارکردن دوورخستووەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت ڕێوشوێنەکانی تاڵیبان دژی ژنان و کچان دەگەنە ئاستی " پاکتاوی ڕەگەزیی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG