Accessibility links

بەڕیتانیا بەنیازە ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لاببات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن ڕایگەیاند وڵاتەکەی کۆتایی بە ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەهێنێت، لەوانەش بەکارهێنانی دەمامک و کارکردن لە ماڵەوە و پاسپۆڕتی ڤاکسین.

ئەو ڕێوشوێنانە بەمەبەستی خاوکردنەوەی خێرایی بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیرابوونەبەر.

جۆنسن بە یاسادانەرانی وڵاتەکەی وت " زۆرێک لە وڵاتان لە سەرانسەری ئەوروپادا بەرگەی قەدەغەکردنی هاتوچۆی زیاترییان گرتووە لە وەرزی زستاندا. بەڵام ئەم حکومەتە ڕێگەیەکی جیاوازی گرتەبەر." ئاماژەشی بەوەدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕەوانەی یەکەکانی چاودێری ورد دەکرێن کەمبوونەتەوە.

جۆنسن وتیشی " زاناکانمان باوەڕییان وایە لە ئێستادا جۆری ئۆمیکرۆن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا گەیشتۆتە لوتکەکەی، ئەوەس بەهۆی هەڵمەتی پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکانەوە." وتیشی ڕێوشوێنەکانیش یارمەتیدەر بوون لە خاوکردنەوەی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

بەڵام هەندێک لە زانایان هاوڕا نین لەگەڵ لابردنی ڕێوشوێنەکاندا.

زانایەکی زانکۆی وارویک لاورێنس یەنگ وتی " لابردنی ڕێوشوێنەکان لەکاتێکدا ڕێژەیەکی زۆری توشبوون هەیە، مەترسیدارە."

وتیشی " لەوانەیە باشتر بووایە پێش ئەوەی فەرمان بە لابردنی ڕێوشوێنەکانی وەکو کارکردن لە ماڵەوە و دەمامک بەکارهێنان بکەیت دوو هەفتەی دیکە چاوەڕێ بکەیت. هیچ گرەنتیەک نیە لەسەر ئەوەی ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون کەم دەبنەوە."

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە 152,513 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە بەڕیتانیا تۆمارکراوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG