Accessibility links

بەریتانیا دەڵێت گرێبەستی مۆرکردووە بۆ کڕینی 90 ملیۆن دەرزی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا


کاربەدەستانی بەریتانیا دەڵێن گرێبەستیان واژوکردووە لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانی فایزەر و چەند کۆمپانیایەکی دیکە بۆ کڕینی 90 ملیۆن دەرزی ڤاکسینی کۆرۆنا.

حکومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی مسۆگەری کردووە ڤاکسینەکانی کۆرۆنای پـێبگات لەوانەی هەردوو کۆمپانیای Pfizer و BioNTech دروستیدەکەن لەگەڵ ئەو ڤاکسینەی دامەزراوەی Valneva ی فەڕەنسایی هەوڵی دروستکردنی دەدات.

پـێشتر بەریتانیا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای AstraZeneca واژوکرد بۆ دابینکردنی 100 ملیۆن دەرزی ڤاکسینی کۆرۆنا کە لە لایەن زانکۆی ئۆکسفۆردەوە تاقیکردنەوەی لەسەر کراوە.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز، بەریتانیا هەتا ئێستا گرێبەستی مۆرکردووە بۆ بەدەستهێنانی 230 ملیۆن دەرزی ڤاکسینی کۆرۆنا لە سێ جۆری جیاواز.

بەپـێی دوایـین ئامار 294 هەزار کەس لە بەریتانیا تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون، لەوانە زیاتر لە 45 هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

لە ئێستادا وڵاتە دەوڵەمەندەکان پـێشبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین بڕی دەرزی ڤاکسینی کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG