Accessibility links

سەرۆکی هەڵبژێردراوی بەڕازیل لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیادا داوای ئاشتی دەکات


سەرۆکی نوێی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا
سەرۆکی نوێی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا

سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا پێش مەراسیمی فەڕمی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی بەڕازیل لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیادا کۆبۆوە و داوای کۆتایی هێنانی کرد بە جەنگەکەی نێوان دوو وڵاتەکە.

لولا وتی بە جیا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی ڕووسیا ڤالێنتینا ماتڤینکۆ و جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا یولیا سڤیردینکۆدا کۆبۆتەوە.

دوو نوێنەرەکەی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە مەبەستی ئامادەبوونیان لە مەراسیمی سوێندخواردنی لولادا لە بەڕازیل بوون، لولا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی داهاتووی بەڕازیل ماورۆ ڤیێرادا لەگەڵ هەردووکیاندا کۆبۆتەوە.

لولا وتی بە ماتڤینکۆی وتووە بەڕازیل هیوا دەخوازێت بۆ " ئاشتی و هەمووان بتوانن بنچینەیەکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکە."

وتی سڤیریدینکۆ ڕاپۆرتێکی بۆ هێناوە لەسەر دۆخی ئۆکرانیا.

لولا کە لە ماوەی ڕابردووشدا قسەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کرد بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەڕازیل و ڕووسیا، وتی " لە بەڕازیل نەریتێکمان هەیە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری وڵاتان و لە پێناو ئاشتیدا لەگەڵ هەر کەسێکدا بێت قسە دەکەین."

لولا هەوڵیداوە پەیامێک بگەیەنێت لەسەر ئەوەی " بەڕازیل گەڕاوەتەوە " بۆ سەر سەکۆی جیهانی، ئەوەش دوای ئەوەی بەڕازیل لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا و لە ژێر سەرۆکایەتی یایر بۆڵسۆنارۆدا کە چاودێریکردنی بۆ ژینگە لاواز بوو و هێرشی دەکردە سەر سیستمی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە، دیبلۆماتکارانی جیهانی لە بەڕازیل دووردەخستەوە.

پێشبینی دەکرێت لولا لە سەرەتای ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا سەردانی ئەمەریکا و چین و ئەرجەنتین بکات، هاوکات سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان تووە کە ڕەنگە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە مانگی یەکدا لە بەڕازیلیا سەردانی بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG