Accessibility links

پەتای کۆرۆنا لە ئەمەریکای لاتین بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە


پەتای کۆرۆنا لە ئەمەریکای لاتین بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەڕازیل ژمارەیەکی پێوانەیی لە حاڵەتی گیان لەدەستدانەکان تۆمارکرد، هاوکات ئەوروپا دەستی کردووە بە کردنەوەی سنوورەکان.

لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 1,349 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە بەڕازیل تۆمارکرا، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە وڵاتێک لە ئەمەریکای لاتین کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. لە ڕۆژی چوارشەممەوە قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە 20 ناوچەی ویلایەتی باهیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل ڕاگەیەندرا، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

فەرمانڕەوای ویلایەتی باهیا ڕۆی کۆستا هۆشیاریدا لەوەی " ئەگەر نەجوڵێین ئەوا ژمارەیەکی زۆری دیکە توشی ڤایرۆسەکە دەبن و چیتر ناتوانین لە یەکەکانی چاودێری ورددا وەریانبگرین."

کۆی حاڵەتاکانی گیان لەدەستدان لە بەڕازیل 32,548 حاڵەتن و هیچ ئاماژەیەکیش نیە لەسەر ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا.

بەڕازیل لە پلەی چوارەمدایە لە زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستداندا، لە دوای هەریەک لە ئیتاڵیا و بەڕیتانیا و ئەمەریکاوە دێت.

لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە مەکسیک زیاتر لە 1000 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا، بەمەش کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لەو وڵاتەدا گەیشتە زیاتر لە 11,000 حاڵەت.

لە چیلی کاربەدەستان بڕیاریاندا ڕێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سانتیاگۆ بۆ هەفتەی چوارەم درێژ بکەنەوە.

بەڵام لە ئەوروپا قۆناغ بە قۆناغ ژیان ئاسایی دەبێتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە نەمسا سنوورەکانی دووبارە دەکاتەوە جگە لە سنوورەکەی لەگەڵ ئیتاڵیادا نەبێت. ئەڵمانیا و بەلجیکا بەنیازن لە 15 ی مانگی شەشدا سنوورەکانیان بکەنەوە. لەلای خۆشیەوە هۆڵەندا ڕایگەیاند لە 15 ی مانگی شەشەوە ڕێوشوێنەکانی گەشتکردن بۆ کۆمەڵێک وڵات کەم دەکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG