Accessibility links

جۆنسن: ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەڕیتانیا لوتکەکەی تێپەڕاندووە


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی هەفتەی داهاتوو پلانێک دادەڕێژێت لەسەر چۆنێتی زیندووکردنەوەی چالاکیە ئابوورییەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا لوتکەکەی تێپەڕاندووە.

جۆنسن وتی " دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار لوتکەی ئەم نەخۆشیەمان تێپەڕاند."

وتیشی " لوتکەکەمان تێپەڕاندووە و ئێستا بەرەو خوارەوە دەڕۆین و هۆکاری زۆرمان هەیە بۆ ئەوەی هەست بە هیوایەکی ڕۆشن بکەین."

بەڕیتانیا دووەمین وڵاتە لە ئەوروپا لە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، تا ئێستا 26,771 حاڵەتی گیان لەدەستدان لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە.

بۆریس جۆنسن ئاماژەشی بەوەدا هەفتەی داهاتوو کۆمەڵێک بژاردە دەخاتەڕوو لەسەر چۆنێتی کەمکردنەوەی ڕیوشوێنەکانی داخستنی وڵاتەکە. وتیشی دەمووچاو داپۆشین ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە قۆناغی دواتری ئەم قەیرانەدا.

وتی " وەکو بەشێک لە هاتنە دەرەوە لە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، پێم وایە دەمووچاو داپۆشین بەسوود دەبێت و هەروەها متمانە بە خەڵک دەدات تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. "

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG